خاوەن پشکەکان: شاسوار عەبدولواحید پارەی 9 هەزار کەسی خواردووە، داوای گۆڕینی ئیدارەی چاڤی لاند دەکەن
بە گوێرەی بانگەشەیەکی گرووپی خاوەن پشکە ناڕازییەکانی چاڤی لاند، ئاماژە بەوە دراوە، خاوەن پشکە ناڕازییەکان لە لایەن 8 پارێزەری خۆبەخشەوە کارە یاساییەکانیان بەڕێوە دەبردرێت کە بە ”باشترین پارێزەرەکان“ وەسفیان کردوون و تێیدا داوای لە خاوەن پشکەکان کردووە، بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوەی ئیدارەی چاڤی لاند.
هەر لەو بانگەشەیەدا ئەوە ڕوون کراوەتەوە کە لە مانگی داهاتوودا، نوێنەرەکانیان بە ئیمزاکانەوە، بەشداری لە کۆبوونەوەیەک دەکەن، بە مەبەستی دانانی دەستەیەکی کارگێڕی لە لایەن خاوەن پشکەکانی چاڤی لاندەوە.
پڕۆژەی چاڤی لاند، پڕۆژەیەکی پشکایەتیی گەورەی هەرێمی کوردستانە، بەڵام بەهۆی ئەوەی زۆرینەی خاوەن پشکەکان بە گوتەی خۆیان، مافە داراییەکان و قازانجەکانیان پێ نەدراوە، بەردەوام گلەیی لە دەستەی کارگێڕیی پڕۆژەکە و خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی نالیا دەکەن و بەوە تۆمەتباریان دەکەن کە پارەی خەڵکیان خواردووە. بە تایبەتیش بەهۆی ئەوەی هەندێک لە خاوەن پشکەکانی چاڤی لاند دەڵێن، لە ماوەی 5 ساڵدا کە پشکیان لەو پڕۆژەیە کڕیوە، تەنیا بڕی 30 هەزار دیناری عێراقییان وەک قازانج پێ دراوە.
لەم چوارچێوەیەشدا پێشتر دانا محەمەد، نوێنەری خاوەن پشکەکانی چاڤی لاند، ڕایگەیاندبوو: ”شاسوار عەبدولواحید، خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی نالیا، پارەی 9 هەزار کەسی بەشداربووی پڕۆژەکەی خواردووە“.
لە بەرامبەردا، لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا کە کەناڵی (ئێن ئاڕ تی)ی سەر بە کۆمپانیای نالیا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاوی کردووەتەوە، هەندێک بیانووی بۆ بابەتەکە هێناوەتەوە و باسی لەوە کردووە کە ئەویش وەکو خاوەن پشکەکانی دیکە، پشکی لە چاڤی لاند هەیە.
باسنیوز
