ساردی پەیوەندی نێوان پارتی و یەكێتی
فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، یەکێتی پێشتر لەڕێگەی دوو یاداشتەوە دید و تێڕوانینی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان داوەتە پارتی، بەڵام تاوەکو ئێستا پارتی وەڵامی نەداونەتەوە. ئەوانیش یاداشتنامەی کۆبوونەوەی مانگی 12ی2015 و دواتریش خاڵەکانی رێککەوتننامەی نێوان یەکێتی و گۆڕانن کە لە راگەیاندنەکانیش بڵاوکرانەوە.
ئەسەسەرد دەڵێت "یەکێتی و پارتی دۆستی یەکدین، هەردوولا هەوڵی چارەسەکردنی کێشەکان دەدەن، بەڵام لە بۆچوون و چۆنیەتی چارەسەر جیاوازییان هەیە و لە کۆبوونەوەکانی رابردوودا زۆر هەوڵی لێک نزیکبوونەوە درا، بەڵام تاوەکو ئیستا بێسوود بووە".
عەلی حوسێن، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت "پارتی و یەکێتی بەشێوەیەکی دیکە دەتوانن کێشەکان چارەسەر بکەن، چونکە ئەو دوو حیزبە رێککەوتننامەی ستراتیژیان لەنێوانیاندا هەیە، لە بەغدا هاوپەیمان بوون و بە رێککەوتن پۆستەکانیان دابەشکردوون، لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و شەڕی داعشیشدا پێکەوەن. بۆیە نەدەبوو یەکێتی بەبێ ئاگاداری پارتی لەگەڵ گۆڕان رێکبەکەوێت، وەك چۆن لە رابردوودا پارتی رێککەوتنی لەگەڵ گۆڕان رەتکردەوە، لەبەر رێزگرتن لە رێککەوتنی ستراتیژی و خوێندنەوەی قوڵی بۆ چارەسەری کێشەکان".
عەلی حوسێن دەشڵێت:" وەک چۆن هیچ حیزبێک نابێتە جێگرەوەی یەکێتی بۆ پارتی، بەهەمانشێوە هیچ حیزبێک نابێتە جێگرەوەی پارتی بۆ یەکێتی، بۆیە پێویستە بەشێوەیەکی دیکە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان بدرێت".
رێککەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەکێتی لە ساڵی 2007 کە ئەو کات بارزانی و تاڵەبانی واژۆیان کرد، بۆ چەند ساڵێک کێشەکانی نێوان ئەو دوو حیزبەی سڕکردبوو، بەڵام دوو ساڵ زیاترە لەسەر زۆر بابەتی نێوخۆیی و دەرەکی کێشەیان هەیە، وەک مامەڵەکردن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، دوای رێککەوتنی یەکێتی و گۆڕانیش لە 17/5/2016 پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی ساردبوونەوەی زیاتری بەخۆوە بینی.
رووداو
