ساردی پەیوەندی نێوان پارتی و یەكێتی

ساردی پەیوەندی نێوان پارتی و یەكێتی
پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، وەک دوو پارتی سەرەکی لە هەرێمی کوردستان کە رێککەوتنێکی ستراتیژییان لەنێوان دایە، ئێستا پەیوەندی نێوانیان گەرمییەکەی جارانی نەماوە و دوای رێككەوتنی نێوان یەكێتی و گۆڕانیش، پەیوەندی نێوانیان ساردتر بووە، پارتی دەڵێت "وەک چۆن هیچ حیزبێک نابێتە جێگرەوەی یەکێتی بۆ پارتی، بە هەمانشێوەش هیچ حیزبێک نابێتە جێگرەوەی پارتی بۆ یەکێتی".

فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، یەکێتی پێشتر لەڕێگەی دوو یاداشتەوە دید و تێڕوانینی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان داوەتە پارتی، بەڵام تاوەکو ئێستا پارتی وەڵامی نەداونەتەوە. ئەوانیش یاداشتنامەی کۆبوونەوەی مانگی 12ی2015 و دواتریش خاڵەکانی رێککەوتننامەی نێوان یەکێتی و گۆڕانن کە لە راگەیاندنەکانیش بڵاوکرانەوە.
ئەسەسەرد دەڵێت "یەکێتی و پارتی دۆستی یەکدین، هەردوولا هەوڵی چارەسەکردنی کێشەکان دەدەن، بەڵام لە بۆچوون و چۆنیەتی چارەسەر جیاوازییان هەیە و لە کۆبوونەوەکانی رابردوودا زۆر هەوڵی لێک نزیکبوونەوە درا، بەڵام تاوەکو ئیستا بێسوود بووە".

عەلی حوسێن، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت "پارتی و یەکێتی بەشێوەیەکی دیکە دەتوانن کێشەکان چارەسەر بکەن، چونکە ئەو دوو حیزبە رێککەوتننامەی ستراتیژیان لەنێوانیاندا هەیە، لە بەغدا هاوپەیمان بوون و بە رێککەوتن پۆستەکانیان دابەشکردوون، لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و شەڕی داعشیشدا پێکەوەن. بۆیە نەدەبوو یەکێتی بەبێ ئاگاداری پارتی لەگەڵ گۆڕان رێکبەکەوێت، وەك چۆن لە رابردوودا پارتی رێککەوتنی لەگەڵ گۆڕان رەتکردەوە، لەبەر رێزگرتن لە رێککەوتنی ستراتیژی و خوێندنەوەی قوڵی بۆ چارەسەری کێشەکان".

عەلی حوسێن دەشڵێت:" وەک چۆن هیچ حیزبێک نابێتە جێگرەوەی یەکێتی بۆ پارتی، بەهەمانشێوە هیچ حیزبێک نابێتە جێگرەوەی پارتی بۆ یەکێتی، بۆیە پێویستە بەشێوەیەکی دیکە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان بدرێت".

رێککەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەکێتی لە ساڵی 2007 کە ئەو کات بارزانی و تاڵەبانی واژۆیان کرد، بۆ چەند ساڵێک کێشەکانی نێوان ئەو دوو حیزبەی سڕکردبوو، بەڵام دوو ساڵ زیاترە لەسەر زۆر بابەتی نێوخۆیی و دەرەکی کێشەیان هەیە، وەک مامەڵەکردن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، دوای رێککەوتنی یەکێتی و گۆڕانیش لە 17/5/2016 پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی ساردبوونەوەی زیاتری بەخۆوە بینی.





رووداو
Top