نەجمەدین کەریم: پشتگیریی خۆم بۆ ”شەرعیەت و دیموکراتی“ لە تورکیا رادەگەیێەنم

نەجمەدین کەریم: پشتگیریی خۆم بۆ ”شەرعیەت و دیموکراتی“ لە تورکیا رادەگەیێەنم
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان هەڵوێستی خۆی لەبارەی کودەتا شکستخواردووەکەی سوپای تورکیا راگەیاند.



شەوی 15ـی تەمموزی 2016، ژمارەیەک فەرماندەی سەربازیی سوپای تورکیا هەوڵیان دا کودەتایەکی سەربازیی لەو وڵاتە ئەنجام بدەن، بەڵام بەهۆی رووبەڕووبوونەوەی هاووڵاتییان و هێزە ئەمنییەکان، هەوڵەکە شکستی هێنا.



ماڵپەڕی فەرمیی یەکێتی بڵاوی کردووەتەوە، کە رۆژی یەکشەممە 17ـی تەمموزی 2016، نەجمەدین کەریم، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و پارێزگاری کەرکووک لە بەیاننامەیەکدا پشتگیریی خۆی بۆ ”شەرعیەت و دیموکراتی“ لە تورکیا راگەیاندووە.



نەجمەدین کەریم لە بەیاننامەکەیدا جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ”ئیرادەی گەلانی تورکیا و دیموکراتییەت سەرکەوت بەسەر کودەتا شکستخواردووەکە“.



ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی داوای لە دەسەڵاتدارانی تورکیاش کردووە، کە بە ”گیانی دیموکراتی و مەدەنییەت“ رووبەڕووی بارودۆخ و پێشهاتەکانی تورکیا ببنەوە و هیواشی خواستووە، ئاشتی و سەقامگیری باڵ بکێشێت بەسەر جیهان و هەوڵەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوی توندڕەوی داعش چڕ بکرێنەوە.






باسنیوز
Top