نەجمەدین کەریم: پشتگیریی خۆم بۆ ”شەرعیەت و دیموکراتی“ لە تورکیا رادەگەیێەنم
شەوی 15ـی تەمموزی 2016، ژمارەیەک فەرماندەی سەربازیی سوپای تورکیا هەوڵیان دا کودەتایەکی سەربازیی لەو وڵاتە ئەنجام بدەن، بەڵام بەهۆی رووبەڕووبوونەوەی هاووڵاتییان و هێزە ئەمنییەکان، هەوڵەکە شکستی هێنا.
ماڵپەڕی فەرمیی یەکێتی بڵاوی کردووەتەوە، کە رۆژی یەکشەممە 17ـی تەمموزی 2016، نەجمەدین کەریم، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و پارێزگاری کەرکووک لە بەیاننامەیەکدا پشتگیریی خۆی بۆ ”شەرعیەت و دیموکراتی“ لە تورکیا راگەیاندووە.
نەجمەدین کەریم لە بەیاننامەکەیدا جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ”ئیرادەی گەلانی تورکیا و دیموکراتییەت سەرکەوت بەسەر کودەتا شکستخواردووەکە“.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی داوای لە دەسەڵاتدارانی تورکیاش کردووە، کە بە ”گیانی دیموکراتی و مەدەنییەت“ رووبەڕووی بارودۆخ و پێشهاتەکانی تورکیا ببنەوە و هیواشی خواستووە، ئاشتی و سەقامگیری باڵ بکێشێت بەسەر جیهان و هەوڵەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوی توندڕەوی داعش چڕ بکرێنەوە.
باسنیوز
