سەردەشت.. شەڕ لە نێوان خەڵک و هێزە ئەمنییەکان ڕووی دا
بەپێی هەواڵی ئاژانسی کوردپا، دوێنێ شەممە لە بازاڕچەی دووپەزە کە ماوەیەکە کراوەتەوە و کەوتووەتە سەر سنووری قەڵادزێ، هێزەکانی حکوومەتی ئێران دەست بەسەر باری کاسبکاراندا دەگرن و لەگەڵ خۆیان دەیبەن.
خاوەن بارەکان و هێندێک لە خەڵک بۆ ئەستاندنەوەی باری کاسباران بەرەو بنکەی سەربازیی دووپەزە دەچن و سەربازەکان لە بنکەکە دەست دەکەن بە تەقەی هەوایی و خەڵکەکەش هێرش دەکەنە سەر بنکەکە و شەڕ و تێکهەڵچوون ڕوو دەدات و دواجار ئەندامانی بنکە سەربازییەکە دەڵێن بارەکانیان لەلای هێزە ئینتزامییەکانە.
پاش ئەو ڕووداوە، خەڵک هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی پۆلیس و باری کاسبکاران وەردەگرنەوە و ئاگر لە ماشینی هێزە ئەمنییەکان بەردەدەن.
سەرچاوەیەک لە سەردەشت بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: ئەو بارەی کە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستی بەسەردا گیرابوو، نزیکەی ٧٠ بار و چەند ئوتۆمبێلێک بووە.
هەر لەو پەیوەندییەدا، 20 رۆژ لەمەوبەر پلەدارێکی بنکەی گوندی "گوێزلی"ی ناوچەی ئالانی سەدەشت، تەقە لە دوو برا بە ناوەکانی "لەتیف و ڕەئووف عەلیخانی" کوڕی ساڵح دەکات، کە یەکێکیان دەستبەجێ دەکوژڕێت و پاش ئەو ڕووداوە برای کوژراوەکە هەڵدەکوتێتە سەر گرووبانەکە و دەیکوژێ و پاش ڕووداوی دووەم، سەربازەکانی بنکەکە تەقەی لێدەکەن و برای دووەمیش دەکوژن و هەوڵ دەدەن دەست بەسەر تەرمی لەتیف و ڕەئووفدا بگرن.
هێندێک لەو کۆڵبەرانە بۆخۆیان خاوەنی ئەو کەلوپەلانە نین و بگرە زۆر جاریش لە ماڵی خۆشیان لەو کەلوپەلانە بێبەشن و بۆ گۆاستنەوەیان تەنیا حەقدەستێکی زۆر کەم وەردەگرن.
باسنيوز
