لە هەولێر دوو هونەرمەند بە ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیر دەکرێن

 لە هەولێر دوو هونەرمەند بە ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیر دەکرێن
لە شاری هەولێر، دوو هونەرمەند کە بڕێک ماددەی هۆشبەریان پێبووە و بەکاریان هێناوە، دەستگیر کراون.

ئەمڕۆ یەکشەممە 17\7\2016، سەرچاوەیەکی ئاسایش ڕایگەیاند، ڕۆژی پێش جەژنی ڕەمەزان کە دەکاتە 5\7\2016، دوو هونەرمەندی مۆسیقا ژەن لە شاری هەولێر، بە بڕێک ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیر کراون.

سەرچاوەکە ئەوەشی ڕوون کردەوە کە هەردوو تۆمەتبارەکە، وەک بەکارهێنەری ماددە هۆشبەرەکان کە هەر یەکێکیان 25 گرام ماددەکانی (کریستاڵ و حەشیش)یان پێ گیراوە. گوتیشی: ”ئێستا ئەو دوو هونەرمەندە بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 14ی تایبەت بە ماددە هۆشبەرەکان لە یاسای سزادانی عێراقی، بەند کراوە“.

ئەو سەرچاوەیەی ئاسایش ناوی هەردوو هونەرمەندەکەشی بۆ (باسنیوز) ئاشکرا کرد، بەڵام بەهۆی پابەندبوونی (باسنیوز) بە ئیتیکی کاری ڕۆژنامەوانی، ناوەکانیان ئاشکرا ناکات.

ماوەیەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و سەرچاوە نافەرمییەکانەوە باس لەوە دەکرێت کە دیاردەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لەنێو هونەرمەنداندا زیادی کردووە، هەرچەندە هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی ئەم دەنگۆیانەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.

لە هەرێمی کوردستاندا بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان سزای زیندانیکردنیان لەسەرە و هێزە ئەمنییەکان بە پشتیوانیی دەزگای دادوەری، ڕێوشوێنی ئەمنیی توندیان بۆ ڕێگەگرتن لە تەشەنەکردنی دیاردەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان گرتووەتە بەر.









Top