پەكەكە هەرەشەیە بۆ سەر داهاتووی ناشناڵ پاركی هەڵگورد – سەكران
هەوڵەكانی بۆردی بەڕێوەبەری ناشناڵ پاركی هەڵگورد – سەكران، بەردەوامە و ناوەڕاستی مانگی رابردوو شاندێكیان سەردانی وڵاتی چیكیان كرد و لەگەڵ بەرپرسانی ژینگەیی و سەرۆكی فەرمانگەی رووپێوی زەویناسی ئەو وڵاتە كۆ بوونەوە.
سەردانی شاندەكە، چوار رۆژی خایاند و بەرپرسانی كۆماری چیكیش داوای بینینی عەبدولواحید گوانی قایمقامی شارۆكەی و سەرۆكی بۆردی ناشنال پاركی هەڵگورد – سەكرانیان كردووە.
دكتۆر هاوڕێ مەنسووربەگ یەك لە ئەندامانی شاندەكە، رای گەیاند كە مەبەستیان لەو سەردانە، هاندانی بەرپرسانی پێوەندیداری حكوومەتی چیكە بۆ ئەوەی پشتگیری و پاڵپشتی لە پڕۆژەی ناشناڵ پاركی هەڵگورد سەكران بكەن.
ئەو دەڵێ، “بڕیار وایە قایمقامی چۆمان بچێتە چیك و لەگەڵ وەزیری ژینگەی ئەو وڵاتە كۆ ببێتەوە، دواتریش شاندێكی چیكی سەردانی كوردستان دەكەن بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ناوچەكە ببینن”.
بڕیارە عەبدولواحید گوانی قایمقامی چۆمان، رۆژی 24ی ئەم مانگە سەردانی چیك بكات.
زۆربەی ناوچەكانی هەڵگورد و سەكران، لەڕووی هەمەجۆری رووەك و بوونی ژمارەیەكی زۆی ئاژەڵ و باڵندەی كێوی و ناوچەی گەشتیاری خۆرسك دەوڵەمەندن، هەر چوار وەرزی ساڵ بەفری لێ ناتوێتەوە.
لە ناشناڵ پاركی هەڵگورد سەكران، گرنگییەكی زۆر بە بواری ژینگە و ژینگەپارێزی و گەشتیاری دەدرێت. لە ماوەی رابردوودا خولێكی درێژخایەنی ژینگەیی كراوەتەوە كە بەشێوەی كۆرس بۆ ماوەی پێنج ساڵ بەردەوامی دەبێت و تایبەت بە پێگەیاندنی پارێزەرانی ژینگەیە.
جیا لەمە لە ناشناڵ پاركەكە، مۆزەخانەیەكی تایبەت هەیە كە كەرەستە مێژوویی و شوێنەوارەكانی دەڤەری باڵەكایەتی لەخۆ دەگرێت و دەپارێزرێت .
عەبدولواحید گوانی سەرۆكی بۆردی ناشناڵ پاركی هەڵگورد – سەكران، دووپاتی دەكاتەوە كە ئەو پاركە، دەتوانێ “سوودێكی یەكجار زۆری” بۆ كوردستان لە بواری گەشتیارییەوە هەبێت.
لە سنووری ئەو پاركەدا، چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان بوونیان هەیە و ئەمەش بەرپرسانی بۆردی پاركەكەی “نیگەران” كردووە.
گوانی دەڵێ، “بێگومان ئەو شوێنانەی گەشتیارین، دەبێت ئارام بن و هیچ مەترسی و هەڕەشەیەكیان لەسەر نەبێت، بەهۆی بوونی پەكەكە و ئاڵۆزی لەگەڵ حكوومەتی توركیا لە باكوری كوردستان، بەردەوام توركیا بنكەی و بارەگەكانی پەكەكە لە باشووری كوردستان و سنووری باڵەكایەتی دەكاتە ئامانج و بۆردومانیان دەكات، ئەمەش كاریگەریی نەرێنی لەسەر ئایندەی ناشناڵ پاركی هەڵگۆرد – سەكران دەبێت”.
سەرۆكی ناشناڵ پاركی هەڵگورد – سەكران زیاتر دەڵێ، “بوونی بنكە و بارەگەكانی پەكەكە لەو سنوورە، پێوەستە بە سیاسەتەوە، پێویستە سەركردایەتیی سیاسیی كورد لەسەر مانەوە یا جێهێشتنی سنووری باشووری كوردستان لەلایەن پەكەكە، بڕیاری یەكلاكەرەوە بدات.
بێگومان لە ئایندەدا بۆردومان و نائارامی ئەو دەڤەرە، كاریگەریی نەرێنی لەسەر هاتنی گەشتیارانی بیانی بۆ پاركەكە دەبێت و پێویستە بۆردومان و تۆپبارانەكان لەو دەڤەرە بە هەموو شێوەیەك رابگیرێت”.
هەر كاتێك كارەكانی ناشناڵ پاركی هەڵگورد – سەردانی كۆتایان پێ هات، ئەو پاركە دەبێتە ئەندام لە ئاژانسی ناشناڵ پاركی جیهانی و لە چوارچێوەی نێودەوڵەتیدا مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت.
ناشناڵ پاركی هەڵگورد – سەكران، دامەزراوەیەكی سەربەخۆی نیشتمانی، ژینگەپارێزی و كولتووری، ئابووری، كۆمەڵایەتی و گەشتیارییە. ئەو پاركە دەكەوێتە سنووری شارۆكەی چۆمان و بەدووری 150 كم لە باكوری پارێزگەی هەولێر هەڵكەوتووە، لە سەرەتای ساڵی 2004 وەك بیرۆكە هاتە ئاراوە و لەوەش بەدواوە كاری لەسەر دەكرێ. رۆژی 14ی ئەیلوولی 2010 بە پاڵپشتی و هاوكاری ئەنیستیوتی نەمسایی بۆ تەكنۆلۆژیای ژینگە و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، گرێبەستی جێبەجێكردنی واژۆ كراوە. رووبەری ئەو پاركە 1100 كم چوارگۆشەیە و دەكەوێتە سێگۆشەی باكور، باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستان.
ئەو دامەزراوەیە لە چەند بەشێكی جیاجیا پێك هاتووە و لە پێناو پێشخستنی بواری ژینگەپارێزی، پاراستنی سامانی نیشتمانی كار دەكات و لە رێگەی بەشەكانیشەوە بایەخ بە چاككردن و پاراستنی ژینگەی سروشتی و هوشیاریی ژینگەیی و بواری كولتووری دەدات، هەروەها بەشداری بە هەرێمی كوردستان دەكات بۆ چاككردن و پاراستنی ژینگەی جیهانی و رووبەڕووبوونەوەی قەتیسبوونی گەرمی (Globale warming) و قڕبوونی ئاژەڵی.
پڕۆژەی ناشناڵ پاركی هەڵگورد – سەكران، بە 19یەمین ناشناڵ پارك لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گرنگی و بایەخی خۆی بەتایبەت لە بواری ژینگە و گەشتیارییەوە هەیە.
