كۆبوونەوەی ئەنجومەنی شورای هەرێمی کوردستان كۆتایی هات

 كۆبوونەوەی ئەنجومەنی شورای هەرێمی کوردستان كۆتایی هات
ئەمڕۆ یەكشەممە 17/7/ 2016 ئەنجومەنی شوورای هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەیەكی لەسەر داوای پەرلەمانی كوردستان ئەنجام دا و ڕای خۆیان لە هەمبەر كۆتایی هاتنی هەردوو یاسای تیرۆر و بە كرێدانی خانوبەرە گەڵاڵە كردووە.

نەریمان تاڵب، گوتەبێژی وەزارەتی دادی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند" ئەمرۆ ئەنجومەنی شوورای هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەیەكی ساز كرد بۆ تاوتوێی بۆچوونیان لە هەمبەر كۆتاییهاتنی یاسای تیرۆر و بەكرێدانی خانووبەرە لە كوردستان و ئەوان بۆچوونی خۆیان گەڵاڵە كردووە و ئێستا بۆچوونەكەیان وەردەگێڕدرێتە سەر زمانەكانی دیكە و پاكنووس دەكرێت و بە زووترین كات ڕەوانەی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت و لە دەزگاكانی ڕاگەیاندنیش بڵاو دەكرێتەوە."

هەر بەپێی لێدوانەكەی گوتەبێژی وەزارەتی دادی هەرێمی كوردستان لەكۆی 14 ئەندامی ئەنجوومەنی شوورای هەرێم 11 ئەندام بە سەرۆك و جێگرەوە ئامادەی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ بوون.

پێشتر پەرلەمانی كوردستان بە نووسراوێكی فەرمی داوای لە ئەنجومەنی شورای هەرێمی كوردستان كردبوو تاكوو بۆچوونی خۆیان بخەنەڕوو، بەهۆی ئەوەی كە ئەمڕۆ 17/7/2016 وادەی هەردوو یاسای تیرۆر و بەكرێدانی خانووبەرە لە كوردستان كۆتایی دێت.









باسنیوز
Top