كاتی کودەتاکە، تەنیا دەروازەی سنووری تورکیا بوو لەگەڵ کوردستان دانەخرا
ئەمڕۆ یەکشەممە 17\7\2016، هیڤا حاجی میرخان، بڕیاردەری لێژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان، ڕاگەیاند: “هەر وڵاتێک ئاڵۆزییەکی تێدابێت، کاتێکی زۆری دەوێت تا بۆ سێکتەری بەهێزی ئابووری بگەڕێتەوە، بۆیە ئەوەی لە تورکیا ڕووی دا، ئەگەر سەری بگرتایە، ئەوە ئابووریی تورکیا تێکدەچوو، ئەو کاتە کاتێکی یەکجار زۆری دەویست تا بۆ سەر ڕێرەوی خۆی بگەڕێتەوە”.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان دەروازەیە و کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئابووریی ناوچەکە هەیە و گوتی: "سەعات 11ی شەوی کودەتاکەی تورکیا، دەروازەی سنووریی تورکیا لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ داخرا، تاکە دەروازە کە سنووری دانەخرا هەرێمی کوردستان بوو، ئێمەش دەروازەمان لەسەر ئەوان دانەخست".
هیڤا حاجی میرخان ئەوەی ئاشکرا کرد کە هەندێک بازرگان لە کوردستانەوە دەستیان بە هەوڵێکی تایبەت کردووە و ڕایگەیاند: “شەوی کودەتاکە هەندێک بازرگانی کوردستان دەستیان کرد بە هەوڵدان بۆ قۆستنەوەی کودەتاکە بۆ بەرژوەندیی خۆیان کە ئەمەش زۆر مەترسیدار بوو، چونکە چەندە پارە کاریگەری هەیە، ئەوەندەش سایکۆلۆژی کاریگەری لەسەر شڵەژانی بازاڕ هەیە، ئەمەش وای کرد کە خەڵک دەست بکەن بە کرینی شتومەک، نەوەک کاریگەری لەسەر ئێمە بکات، ئەمە وادەکات داواکاری زۆر بێت و کاڵا گران بێت، وەک بەنزین کە سەرلەبەیانییەکەی حکوومەت هاتە دەنگ، چونکە دەیانەویست ئەوەش بقۆزنەوە”.
باسنیوز
