هاوپەیمانان پێشمەرگە لەسەر میدیای جەنگی رادەهێنن

 هاوپەیمانان پێشمەرگە لەسەر میدیای جەنگی رادەهێنن
دوای دوو ساڵ لە شەڕی دژی داعش و هاوکاریی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە، بۆ یەکەمینجار راهێنەرانی هاوپەیمانان خوولێک بۆ راهێنانی پێشمەرگە لەسەر راگەیاندن و شەڕی دەروونی دەکەنەوە.

سەرەڕای ئەوەی راهێنەرانی هاوپەیمانان بە بەردەوامی مەشق و راهێنان لە بوارە جۆراوجۆرە سەربازییەکاندا بە هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن، بەڵام ئەمجارە راهێنانەکان تایبەتن بە بوارە جیاجیاکانی راگەیاندن و شەڕی دەروونی و، بەو هۆیەوە 40 ئەفسەر و کارمەندی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە راهێنانیان پێدەکرێت.

هەڵگورد حیکمەت، بەڕێوەبەری راگەیاندن و رۆشنبیری لە وەزارەتی پێشمەرگە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند " لە دوو ساڵی رابردوودا ئێمە بەردەوام لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەوڵی کردنەوەی خوولێکی لەمجۆرەدابووین، هاوپەیمانان توانیویانە لە بوارە جیاجیاکانی دیکەی سەربازی مەشق و راهێنان بە پێشمەرگە بکەن، بەڵام لە بواری میدیا ئەمە یەکەمین هەوڵە".

هەڵگورد حیکمەت، هەروەها دەڵێ: "خۆشبەختانە دوای هەوڵەکان، رۆژی یەکشەممە 17-7-2016 یەکەمین خول بۆ ئەفسەران و کارمەندانی راگەیاندن لە وەزارەتی پێشمەرگە دەستپێدەکات".

بەڕێوەبەری راگەیاندن و رۆشنبیری لە وەزارەتی پێشمەرگە جەختیشی کردەوە " مەبەستی سەرەکی لەم خوولە ئەوەیە: کادیری راگەیاندن لە وەزارەتی پێشمەرگە و لیواکان پێبگەیێندرێن و بە ئاراستەیەکی پرۆفیشناڵ کاربکەن، کە ئێستا لەسەر ئاستی دنیا سوپای وڵاتان کاری پێدەکەن".








رووداو
Top