دووڕوویی ئێران لەپاڵپشتی کوردستان
هەروەها نووسەرێک دەڵێ: بەهۆی ڕێگەگرتن لە هێنانی بەرهەمەکانی بۆ کوردستان، وڵاتێکی دراوسێی کوردستان سیسرکی فڕێدایە خوارەوە لەڕێگەی فڕۆکەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 17\7\2016، عەبدولستار مەجید، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند: “ئەو بڕیارانەی وەزارەتی کشتوکاڵ دەیدات، کاردانەوەی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی هەیە، ئەو ئەندازە گەشەکردن و گرنگیدانە بە کەرتی کشتوکاڵ کە ئێستا کوردستان بە قەیرانی داراییدا تێپەڕ دەبێت، وڵاتانی دەوروبەری ئێمەی مشەوەش کردووە، بە تایبەتی کاتێک ڕسوماتمان دانا، ئێران پێی نیگەران بوو، تورکیا و ئەمەریکاش نیگەران بوون”.
لەبارەی خستنە خوارەوەی زیندەوەر لە ناوچەی کفری کە دەنگۆی مەترسیداری لێکەوتووەتەوە، عەبدولستار مەجید، وەزیری کشتوکاڵ باسی لەوە کردووە: “لەڕووی زانستییەوە ئەو زیندەوەرانە ئەگەر لە قۆناغی گەشەکردن نەبێت، هیچ زیانی بۆ کشتواڵ نییە، بەڵام ئەوەی بینیومانە پێگەیشتووە، دواتر بەپێی هەندێک لێکۆڵینەوە کە ناردوومانە بۆ دەرەوە، دەڵێن ئەوە زیانی نییە، بەڵکو بەپێچەوانەوە قازانجی هەیە، بۆ هاوسەنگیی ژیان، دواتر لەم قۆناغەدا بەم وەرزە، ئێستا کشتوکاڵێکمان نییە زیانی پێبگەیەنێت، بەڵام ئامادەکاری خۆمان هەر دەکەین".
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە لێدوانەکەیدا ئاماژەشی بەوە کرد: “ڕوونکردنەوە دەدەمە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشوکاڵی گەرمیان کە خۆیان بەو بابەتەوە نیگەران نەکەن، چونکە ئەوە هیچ مەترسی نییە و هیچ زانیارییەک نییە کە ئەو زیندەوەرانە بە فڕۆکە خرابنە خوارەوە، بەڵکو هەر 17 ساڵ جارێک ئەمانە پەیدا دەبن و لە ئەمەریکاش ئەم حاڵەتە هەیە".
هەر سەبارەت بە خستنەخوارەوەی ئەو زیندەوەرانە، ئەمڕۆ دیار جەبار محەمەد هەمەوەندی، نووسەر، لە وتارێکیدا نووسیوەو، ئاماژەی بەوە داوە: “تۆپبارانی دەڤەری کوێستان و فڕێدانی سیسرکە لە دەڤەری گەرمیان، وەڵامی دەنگۆی داخستنی سنوورەکانی ھەرێمی کوردستان بوو بەرامبەر بە ھاوردەکردنی بەرھەمە کشتوکاڵییەکانی دەرەوە”.
باسنیوز
