یه‌كه‌م دێڕى راگه‌یندراوه‌كه‌ى سوپای توركیا دژ به‌ كورد نووسراوه‌ته‌وه‌

یه‌كه‌م دێڕى راگه‌یندراوه‌كه‌ى سوپای توركیا دژ به‌ كورد نووسراوه‌ته‌وه‌
كه‌ناڵى سكاى نیوز عه‌ره‌بى، ده‌قى راگه‌یندراوه‌كه‌ى سوپای توركیا بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ یه‌كه‌م دێری راگه‌یندراوه‌كه‌، دژ به‌ كورده‌و تیایدا هاتووه‌، ئیداره‌ى سیاسى له‌ جه‌نگه‌كه‌یدا به‌رامبه‌ر كورد، ده‌سته‌وه‌ستان بووه‌.

له‌ راگه‌یندراوه‌كه‌دا، هاتووه‌ :" ئه‌و سیاسه‌ته‌ ژیانى زۆرێك له‌ هاووڵاتیانى مه‌ده‌نی و بێ تاوانانى له‌ ده‌ست دا، گه‌نده‌ڵى و دزییش گه‌شته‌ ئاستێكى بێ پێشینه‌، دیموكراسیش تووشى ئیفلیجی بوو".

هه‌ر له‌ درێژه‌ى ئه‌و راگه‌یندراوه‌دا، هاتووه‌ :" ئێمه‌ له‌به‌رده‌م به‌رپرسیارێتیداین، ئه‌ركى سوپا پاراستنى دیموكراسییه‌ كه‌ ئه‌تاتورك له‌ژێر درووشمى ئاشتى له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ دایناوه‌، ئه‌وه‌ش به‌ پاراستنى ئه‌و بنه‌مایانه‌ى كه‌ سیستمى كۆمارى و یه‌كێتى خاكى توركیاو رێگه‌گرتن له‌ كۆنترۆڵكردنى دادگا و گه‌نده‌ڵى و دزی و قه‌ڵاچۆكردنى تیرۆر به‌هه‌موو رووه‌كانى، دانراوه‌".

ئاماژه‌ به‌وه‌ش دراوه‌، كه‌ پێویسته‌ په‌یوه‌ندی باش له‌گه‌ڵ جیهاندا درووست بكرێت، بۆیه‌ به‌ هۆى ئه‌و هۆكارانه‌وه‌، سوپا ده‌ستى به‌سه‌ر حكوومه‌تدا گرت.

باس له‌وه‌ش كراوه‌، كه‌ :" سوپا به‌پێی بنه‌ماى ئاشتى و ئاشته‌وایی و په‌یوه‌ندییه‌كان ده‌جووڵێته‌وه‌ و له‌گه‌ڵ جیهان و په‌یمانى ناتۆ به‌رده‌وام ده‌بێت، هه‌روه‌ها پارێزگارى له‌ هه‌موو رێككه‌وتن و په‌یماننامه‌كان ده‌كات، حكوومه‌تى داد و گه‌شه‌پێدانیش رووخێنرا، ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌ یاسا لاده‌ده‌ن لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت، لێپرسینه‌وه‌ى توندیش له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ ده‌كرێت كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ سه‌ر دیموكراسی، تكا له‌ گه‌ل ده‌كه‌ین وریا بن، هه‌موو رێكاره‌ ئه‌منییه‌كان گیراوه‌ته‌به‌ر و كه‌س تووشى زیان نابێت، ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ ئازادى هاووڵاتیان ده‌بین".

له‌ راگه‌یندراوه‌كه‌دا، جه‌خت كراوه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر ئازادى بیروڕا و ئاشتى و زمان و ئاین و رۆشنبیری، هیچ بڕگه‌یه‌كیش نابێت بۆ جیاوازى له‌نێوان گه‌لدا، هه‌روه‌ها ده‌ستوورێكى نوێ داده‌نرێت كه‌ ئاشتى له‌ توركیا و ده‌ره‌وه‌ى له‌سه‌ر داده‌مه‌زرێت.
Top