مالیکی و نەوشیروان مستەفا کۆدەبنەوە

مالیکی و نەوشیروان مستەفا کۆدەبنەوە
بڕیارە رۆژی یەکشەممە 17-7-2016 لە سلێمانی، نووری مالیکی، ئەمینداری گشتی حیزبی دەعوەی ئیسلامی سەردانی ھەریەک لە جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و نەوشیروان مستەفا، رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان بکات.

محەممەد تۆفیق رەحیم، بەپرسی ژووری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان گوتی:"سبەی مالیکی سەردانی سلێمانی دەکات و بڕیارە سەردانی کاک نەوشیروان بکات".

هاوكات نەوزاد رەسوڵ، پەرلەمانتاری یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:" بڕیارە سبەی یەکشەممە 17-7-2016، مالیکی بۆ ھەواڵپرسین و لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە تەندروستی جەنابیان، سەردانی مام جەلال بکات".

بەمەبەستی خستەرووی نێوەڕۆکی رێککەوتننامەی نێوانیان، رۆژی27-6-2016 شاندێکی ھاوبەشی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لە شاری بەغدا لەگەڵ نووری مالیکی، ئەمنیداری گشتیی حیزبی دەعوە و سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق کۆبوونەوە.

پێشتر مالیکی لەڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەرەوە پیرۆزبایی واژۆکردنی رێککەوتنی سیاسی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی کرد بوو کە رۆژی 17-5-2016 لەنێوان ھەردوولا لە سلێمانی واژۆکرا.

لەدوای وازھێنانی لە پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ساڵی 2014 و دروستبوونی ناکۆکی لەنێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا لەسەر بڕینی بودجە و جوڵاندنی ھێزی سەربازی بەرەو باشووری كوردستان لەلایەن فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی دیجلە، تاوەکو ئێستا مالیکی سەردانی ھەولێری نەکردووە، دوای گەڕانەوەی جەلال تاڵەبانی لە وڵاتی ئەڵمانیا پاش وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی، مالیکی سەردانی ناوبراوی لە شاری سلێمانی کرد.

لە دوایین سەردانی شاندی حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا، سەردانی نووری مالیکی-یان کرد و كۆبوونەوە.





رووداو
Top