ئێران و یەكێتی، پەكەكە بەرەو هەڵەبجە دەبەن
مەبەستەكانی پشت كردنەوەی بارەگەی نوێ، مەبەست لە گواستنەوەی پەكەكە بۆ سنووری هەڵەبجە و پێنجوێن و باشماخ لەسەر داوای ئێران و یەكێتی بووە بۆ رێگریكردن لە جووڵەی پێشمەرگەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بە ئاراستەی ئێران، چونكە لەو شەڕە قورسەی ناوەڕاستی مانگی رابردوو لە سنوورەكانی “سەوڵاوا” لە رۆژهەڵات رووی دا، وای كرد ئێران فشار بخاتە سەر یەكێتی كە سنوورەكانی جوان بۆ بپارێزێ، بەهۆی ئەوەی سەوڵاوا هاوسنوورە لەگەڵ ناوچەكانی هەورامانی سەربە پارێزگەی هەڵەبجە و شارۆكەی پێنجوێنی سنووری پارێزگەی سلێمانی.
بەڵام پەكەكە لەگەڵ ئەو ئەركەی پێی سپێردراوە، لە شەمووی رابردووەوە لەناو پێنجوێن و گوندەكانی دەوروبەری، دەستی كردووە بە خۆنزیكردنەوە لە منداڵ و كچی خوار 18 ساڵ بەمەبەستی رازیكردنیان بۆ بوون بە گەریلا و ئەوەیش ترسی خستووەتە ناو دڵی دانیشتووانی ناوچەكە، چونكە پێشتر هەر منداڵێك دەستی پەكەكەی پێ گەیشتبێ، چیتر كەسوكاری نەیانبینیوەتەوە.
بوونی “پژاك” و بارەگەكانی لە گوندەكانی ئەو سنوورە و ناوچە شاخاوییەكانی پێنجوێن و هەڵەبجە، چوونی پەكەكەی ئاسان كردووە. پژاك لقی ئێران پەكەكەیە و رێكخراوێكی چەكدارییە، بەڵام بەهۆی نزیكیی پەكەكە لە كۆماری ئیسلامی، پژاكیش بێ دەنگ لە بارەگەكانی خۆیان دانیشتوون.
بەكری عەبدوڵا میشاویی كەسایەتیی دیاری پێنجوێن دەڵێ، “پەكەكە و پارتەكانی نزیك لە خۆی وەك پژاك، لەم سنوورەدا كار دەكەن و بارەگەی ئاشكرایان هەیە لە (قوتەی شێخ حەسەن) كە لە پشتی گوندی هەنگەژاڵی سەربە شارەدێی گەرمكە، هەروەها لە گوندەكانی (كانی ماسیان و سیاگوێز و وێنە و دارۆخان)یش بارەگەیان هەیە.
ئەو كەسایەتییە دیارەی پێنجوێن زیاتر گوتی، “ئەو بارەگایانە ئێستە كێشە و ئاستەنگیان بۆ خەڵك دروست كردووە، هاوكات سەرانە لە خەڵك و باربەرەكان دەستێنن، واتە بوونەتە ئەرك و زەحمەت بۆ چینە هەژارەكانی ناوچەكەمان، بۆ نموونە هەر كەسێك كار بكات و كۆڵێك یان ئاژەڵێك بێنێ، دەبێت باج بەوان بدەن، بۆیە خەڵكی ناوچەكە زۆر بێزارن لێیان”.
لایەنە پێوەندیدارەكان هاوكاری پەكەكەن, لەبارەی ئەوەی ئایا لایەنە پێوەندیدارەكانی سنوورەكە و بەتایبەتیش هێزەكانی تەناهی، چۆن رێگە بەو جووڵانە دەدەن؟ بەكر میشاویی نەیشاردەوە كە لایەنی پێوەندیدار هەست دەكرێت جۆرێك لە هەماهەنگی و هاوكاریكردن و پشتیوانیكردنیان بۆ پەكەكە هەبێت. زیاتر روونی كردەوە، “چەندین جار نیگەرانی و دڵەڕاوكەی خەڵكمان گەیاندە لایەنە پێوەندارەكانی سنوورەكە، بەڵام خەمسارد بوون و بایەخیان پێ نەدا”.
“داوا دەكەین پەكەكە بە خۆیاندا بچنەوە، لەبەرئەوەی لەم سنوورەدا چەندان كێشەی كۆمەڵایەتییان دروست كردووە و چەندین لاو و مێردمنداڵیان بردووە، بە نموونە لە گوندەكانی (سوراو و دەرەگورگان) لەناو پێنجوێن، خانەوادەی وا هەبووە یەك كوڕیان هەبووە، ئەوان بردوویانە و دواتر تەرمەكەیان هێناوەتەوە”، میشاویی ئەمەی ئاشكرا كرد.
