زەحمەتکێشان: حزبەکەی قادر عەزیز بچووکە ھیچ لە ھاوکێشەکان ناگۆڕێت

 زەحمەتکێشان: حزبەکەی قادر عەزیز بچووکە ھیچ لە ھاوکێشەکان ناگۆڕێت
بەرپرسێکی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، باس لەوە دەکات کە چوونەوە و نەچوونەوەی حزبەکەی قادر عەزیز بۆ ناو یەکێتی، ھیچ ھاوکێشەیەکی سیاسی ناگۆڕێت.

شوان محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕی حزبی زحمەتکێشانی کوردستان، لە کەرکووک ڕایگەیاند: "حزبی ئایندە گەیشتونەتە ئەو باوەڕەی کە بچنە ناو ڕێککەوتنی گۆڕان و یەکێتی، قادر عەزیز، سکرتێری پێشووی حزبی ئایندە، گوتویەتی (بچنە ناو ڕێککەوتنەکە خزمەت بە یەکێتی و ڕێککەوتنەکە دەگەیەنین)، بەڵام پێیم وایە لەڕووی سیاسییەوە، بە یەکگرتنەوەی ئەو دوو حزبە ھیچ ھاوکێشەیەکی سیاسی ناگۆڕێت".
ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕی حزبی زحمەتکێشانی کوردستان، درێژەی بە قسەکانی دا و گوتیشی: "ھاوکێشەی سیاسی لەڕێگای پەرلەمان و ھەڵبژاردنەوە دەگۆڕێت، ئێستا نە ھەڵبژاردنە و نە ھیچ شتێک لە ئارادایە، بەڵکو دوو لایەنی سیاسی بیروبۆچوونەکانیان یەک دەگرن، بۆیە ئاڵوگۆڕ لە کوردستان ڕوونادات، چونکە حزبی ئایندە خاوەنی کورسی پەرلەمان نییە، خاوەنی جەماوەرێکی بەرفراوان نییە، تا لە ئایندەی ئاڵوگۆڕی سیاسی دروست بکات، لایەنێکی بچوکە لە کوردستان و لە پەرلەمان نەیانتوانی دەنگ بەدەست بێنن، بۆیە ئێستا دەچنە ناو یەکێتی پیرۆزیان بێت".







باسنیوز
Top