نێچیرڤان بارزانی: خۆشحاڵین بە سەركەوتنی ئیرادەی گەلی توركیا

 نێچیرڤان بارزانی: خۆشحاڵین بە سەركەوتنی ئیرادەی گەلی توركیا
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەهۆی رووداوەکانی رۆژی هەینی لە تورکیا، پەیامێک بڵاو دەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، کە خۆشحاڵە بە سەرکەوتنی ئیرادەی گەلی تورکیا.

شەوی هەینی 15ـی تەمموزی 2016، بەشێک لە سەرکردەکانی سوپای تورکیا هەوڵیان دا کودەتایەکی سەربازیی بکەن و کۆتایی بە دەسەڵاتی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا (ئاکەپە) بهێنن، بەڵام کودەتایەکە شکستی هێنا.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا، کە وێنەیەکی گەیشتووەتە (باسنیوز) رایدەگەیەنێت، ”شكستخواردنی ئەو هەوڵە، دەسەڵات و حكوومەت و ئیرادەی گەلی توركیا بەهێزتر دەكات“.

نێچیرڤان بارزانی وێڕای پیرۆزبایی کردن لە رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و بیناڵی یڵدرم، سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە، پێیوایە ”یەكدەنگیی لایەنەكان و كەسایەتییەكانی توركیا توانی شەرعیەتى دەسەڵات و توركیا و ناوچەكەش لە ئاڵۆزییەكی گەورە بپارێزێت“.

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:

خۆشحاڵین بە سەركەوتنی ئیرادەی گەلی توركیا بەسەر هەوڵی گرووپێكی سەبازیی دژ بە شەرعیەت و ئیرادەی گەل و لەو باوەڕەداین شكستخواردنی ئەو هەوڵە، دەسەڵات و حكوومەت و ئیرادەی گەلی توركیا بەهێزتر دەكات و هەروەها ڕێگەی كودەتای سەربازی لە توركیا داده‌خات.

بەو بۆنه‌یەوە پیرۆزبایی لە بەڕێزان ڕه‌جه‌ب تەییب ئەردۆغان سەرۆك كۆمار و بینالی یلدرم سەرۆك وەزیرانی توركیا و هەموو لایەنەكان و گەلی توركیا دەكەین كە پێكەوە ئەو هەوڵەیان شكست پێهێنا.

یەكدەنگیی لایەنەكان و كەسایەتییەكانی توركیا توانی شەرعیەتى دەسەڵات و توركیا و ناوچەكەش لە ئاڵۆزییەكی گەورە بپارێزێت. گەلی توركیا بە خوێن و قارەمانیه‌تی، شەرعیەتی لە توركیا پاراست. لەو باوەڕەداین ئەوە نموونەیەكی تازە و گەورەیە لە هوشیاریی گەلی توركیادا. هەروەها ئەو هوشیاریەی گەلان، ناوچەكەمان بەرەو ئارامی و دیالۆگ و بنبڕكردنی تیرۆر و ئاڵۆزی دەبات.

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان
16- 7 - 2016











باسنيوز
Top