حکوومەتی هەرێمی کوردستان: بە نیگەرانییەوە چاودێریی رووداوەکانی تورکیا دەکەین
فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە تویتێکدا لە لاپەڕەی فەرمیی خۆی لە تۆی کۆمەڵایەتیی تویتەر هیوای خواستووە ژیری و دیموکراسی سەرکەوتوو بن لە تورکیا.
فەلاح مستەفا هەروەها رایگەیاندووە، کە وەک دراوسێیەکی تورکیا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ”لە نزیکەوە و بە نیگەرانییەوە“ لە رووداو و پێشهاتەکانی ئەم دواییەی تورکیا دەڕوانێت.
شەوی هەینی 15ـی تەمموزی 2016، بەشێک لە سەرکردەکانی سوپای تورکیا هەوڵیان دا کودەتایەکی سەربازیی بکەن و کۆتایی بە دەسەڵاتی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا (ئاکەپە) بهێنن، بەڵام کودەتایەکە شکستی هێنا.
باسنيوز
