نەجاڕ: بارزانی سیاسەتێكی سەركەوتووانەی پەیڕەو كردووە.. ئێستا هەرێم پێگەیەكی نێودەوڵەتیی هەیە

 نەجاڕ: بارزانی سیاسەتێكی سەركەوتووانەی پەیڕەو كردووە.. ئێستا هەرێم پێگەیەكی نێودەوڵەتیی هەیە
(جەودەت نەجاڕ) ئه‌ندامی سه‌ربه‌خۆی توركمان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ڵێت، پڕۆتۆكۆڵی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا، پڕۆتۆكۆڵێكی مێژووییە، ڕێككەوتنێكە پێگەی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی ناوچەكە و نێودەوڵەتی لە هەر دوو ڕووی سەربازی و سیاسی بەهێز دەكات.

(جەودەت نەجاڕ)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پڕۆتۆكۆڵی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا مێژووییە، ڕێككەوتنێكە پێگەی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی ناوچەكە و نێودەوڵەتی لە هەر دوو ڕووی سەربازی و سیاسییەوە بەهێزتر دەكات".

(نەجاڕ) گوتیشی: "(سەرۆك بارزانی) پێشانی هەموو جیهانی دا كە سیاسەتێكی زۆر سەركەوتووانەی بۆ هەرێمی كوردستان پەیڕەو كردووە و هەرێمی كوردستانیش یەكێكە لە ئارامترین شوێن لە ناوچەكە و بە بێ هەرێمی كوردستان كێشەكان چارە ناكرێن، بۆیە هەرێمی كوردستان خۆی بەدەرخست و پێشانی دا كە تاكە دۆستی ئەمەریكایە لە ناوچەكە و ئەمەریكایش دەتوانێت دۆستی هەرێمی كوردستان بێت".

ئه‌و ئەندامی توركمان ده‌شڵێت، ئەو ڕێككەوتنە بۆ ماوەیەكی درێژ دەبێت، چونكە ئەمەریكا بە دوای وڵاتێكدا دەگەڕێت كە پاڵپشتی لە وڵاتەكەی بكات، لە ناوچەكەیش هیچ وڵاتێك وەك كورد لەگەڵ ئەمەریكادا دۆست نییە، بۆیە پێم وایە پێگەی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەهێزتر دەكات، هەروەها ئەوە پەیامێكی زۆر گەورەیە بۆ ئەو لایەنانە كە دەیانەوێت هەرێمی كوردستان بەرەو ئاقارێكی نادیار ببەن، نامەیەكیشە كە لە ئەمڕۆ بە دواوە هەرێمی كوردستان بە تەنیا نییە و لە ئاستی ناوخۆیی دەرچووە و پێگەیەكی نێودەوڵەتیی هەیە".













KDP
Top