ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان: هێواش هێواش پەلە مەکەن
ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، لە وتارێکدا کە بە ناونیشانی (هێواش هێواش پەلە مەکەن) لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردووەتەوە، نووسیویەتی: "لهگهڵ دەستپێک و هەوڵە سەرەتاییەکانی کودەتاکەی تورکیا، لەم وڵاتەی خۆمان، یهکهم کاریگهری له کوردستان هەستی پێکرا، ئەویش قەرەباڵغ بوونی وێستگهکانی بەنزین بوون". ڕوونیشی کردووەتەوە: “فەیسبووکنشینەکان بوونه سیاسی و شرۆڤەکار و چەندین تەحلیلی جۆراوجۆریان کرد، کەچی ئێستا دوای چهند سەعاتێک له کودەتاکە،،سەدا نەوەتی 90%ی تەحلیل و شرۆڤەکانیان بوو بە هیچ و هەڵە!".
ئاماژە بەوەش دەکات: “ئەوەی باشە ئەنجامی کودەتاکە بەر لە ڕۆژهەڵاتن وەدیارکەوت، ئەگینا ئێستا بازاڕەکانمان قەرباڵغی و قەیرانی نەبوونی گەنم، شەکر، ڕۆن، فاسوڵیا، سابوون و تایتیشی لێدەهاتا ئارا، خەڵک خەمی زگی دەبوو، بازرگانە چاو چنۆکەکانیش خەمی گیرفان”.
ئومێد خۆشناو پێشی وایە، باشترین کار بۆ خەڵک و سیاسی و شرۆڤەکارانی هەرێمی کوردستان ئەوە بووە کە بپرسن: “ئەرێ ناسنامەی کودەتاچییەکان چییە؟ ئەرێ کودەتاچییەکان چۆن لە باشووری کوردستان دەڕوانن و بۆ دۆزی گەلی ئێمه لە باکوور چییان پێیە؟ ئەرێ بەرژەوەندیی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی ئێمه لهگهڵ حکوومهتی ئێستای تورکیا چییە و پاش کودەتاکە چی لێدێت؟ ئەی لێکەوتەکانی کودەتاکە دەربارەی وڵاتی ئێمە چی دەبێت؟”. دووپاتیشی کردووەتەوە، ئەو پرسیارانە جددیتر بوون لە بەنزین و شرۆڤەی هەڵە.
باسنیوز
