پەرلەمانتارێکی کورد لە فڕۆکەخانەی ئیستەنبوڵ گیری خواردبوو
سەرچاوەیەک لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لە کاتی هەوڵە کودەتاکەی شەوی هەینی 15-7-2016 لە تورکیا ، ڤیان دەخیل ئەندامی پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە فڕۆکەخانەی ئیستەنبوڵ بووە و، بەهۆی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەکە گیری خواردووە".
سەرچاوەکە دووپاتیکردەوە، ڤیان دەخیل سەلامەتە و تەنیا ئەوەنەبێت، بەهۆی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی ئیستەنبوڵ لە فڕۆکەخانەکە گیری خواردبوو .
بەهۆی ئەو رەوشە لەناكاو و نەخوازراوەی لە توركیا دروستبووە، تەواوی گەشتە ئاسمانییەكان لە توركیا راگیران و بەشێك لە فڕۆكەخانەكانیش داخراون.
فڕۆكەخانەی ئەنقەرە داخرا بوو هێزێكی زۆر بە تانك و زرێپۆشەوە چوونەتە نێو فڕۆكەخانە و گەمارۆی فڕۆکەخانەیان دابوو.
هاوكات لە ئەنتاڵیا و ئیستەنبوڵیش فڕۆكەخانەكان لەلایەن سوپا و پۆلیسەوە گەمارۆدراون.
ئێوارەی 15-7-2016 بەشێک لە سوپای تورکیا کودەتایەکی سەربازی ئەنجامدا، و كۆشكی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا لە ئەنقەرە، بە فڕۆكە لەلایەن كودەتاچییەكانەوە بۆردوومان کرا.
پاشان دەستیان بە سەر تەلەڤزیۆنی فەرمیی تورکیادا گرت و هەر لەوێشەوە سەرکەوتنی کودەتاکەیان راگەیاند، بەڵام پاش ئەوە لە رێگەی پەیامیکی تەلەڤزیۆنییەوە رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا داوای کرد خەڵکی تورکیا لەدژی کودەتاچییەکان بڕژێنە سەر شەقامەکان.
لەدوای پەیامەکەی ئەردۆغان دەیان هەزار کەس رژانە سەر شەقامەکانی شارەکانی تورکیا و، بەشێکیشیان لەگەڵ سەربازانی کودەتاچی رووبەڕووبوونەوە لە ئەنجامیشدا ژمارەیەک کەس لە هەردوولا کوژران، بەپێی ئامارە نافەرمییەکان تەنیا لە ئەنقەرە شەوی رابردوو زیاتر لە 40 کەس لەهەردوولا کوژراون.
رووداو
