سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا: رێگە بە دابەشکردنی وڵات نادەین
ئیسماعیل قەهرەمان، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا سەرلەبەیانی رۆژی شەممە 16-7-2016 لە کۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمانی ئەو وڵاتە رایگەیاند: "پەرلەمانتاران ئاگاداریان کردینەوە بەهەموویان بەشداری لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ دەکەن، کات و ساتی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆم داناوە بۆ ئەوەی یاسای تایبەت بۆ رووداوەکە دەربکەین و لە یاسای تیرۆر دایبنێین، هیچ کەس و لایەنێک بۆی نییە وڵات لەت لەت بکات".
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا باسی لە دەرکردنی یاسایەک بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەوکەسانە کرد کە هەوڵی کودەتا دەدەن لە تورکیا و گوتی: "هەرکەسێک بیریش لەوە بکاتەوە دەبیت یاسایەک هەبێت بۆ ئەوەی سزای بدات و دووبارە نەبێتەوە، نە رێگە دەدەین وڵات دابەش بکرێت نە رێگە بەوە دەدەین سەروەرییەکەمان لاواز بکرێتەوە، تورکیا بەهێزە و تورکیاکەی پێشتر نییە".
ئیسماعیل قەهرەمان بە ئاماژەدان بەوەی کودەتاکە بەهەموو شێوەیەک یەکگرتوویی ئیمەی نیشاند باسی لەوە کرد کە: "ئەوانەی ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی پەرلەماندان، لە شەوی رابردووەوە لەناو ئەو هۆڵەن و بەیەکەوە دانیشتووین تاوەکو ئەو کاتەی بۆردوومانەکەش ئەنجامدرا".
ێوارەی 15-7-2016 بەشێک لە سوپای تورکیا کودەتایەکی سەربازی ئەنجامدا، و كۆشكی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا لە ئەنقەرە، بە فڕۆكە لەلایەن كودەتاچییەكانەوە بۆردوومان کرا.
پاشان دەستیان بە سەر تەلەڤزیۆنی فەرمیی تورکیادا گرت و هەر لەوێشەوە سەرکەوتنی کودەتاکەیان راگەیاند، بەڵام پاش ئەوە لە رێگەی پەیامیکی تەلەڤزیۆنییەوە رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا داوای کرد خەڵکی تورکیا لەدژی کودەتاچییەکان بڕژێنە سەر شەقامەکان.
لەدوای پەیامەکەی ئەردۆغان دەیان هەزار کەس رژانە سەر شەقامەکانی شارەکانی تورکیا و، بەشێکیشیان لەگەڵ سەربازانی کودەتاچی رووبەڕووبوونەوە لە ئەنجامیشدا ژمارەیەک کەس لە هەردوولا کوژران، بەپێی ئامارە نافەرمییەکان تەنیا لە ئەنقەرە شەوی رابردوو زیاتر لە 40 کەس لەهەردوولا کوژراون.
روداو
