وەزیری دەرەوەی نەمسا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات
ئەمڕۆ هەینی 15\7\2016، سەرچاوەیەکی ئاگادار بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا، سباستیان کۆرز، وەزیری دەرەوەی نەمسا، سەردانی هەولێر دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستاندا کۆدەبێتەوە. ڕوونیشی کردەوە کە چاوەڕوان دەکرێت لەو سەردانەدا، جگە لە تاوتوێکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ڤیەننا و هەولێر، وردەکاریی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت.
سەرەڕای زانیارییەکانی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، (باسنیوز) هەوڵی دا لە کەناڵە فەرمییەکانەوە سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی نەمسا بۆ هەولێر پشتڕاست بکاتەوە، بەڵام هیچ زانیارییەک لەمبارەیەوە بەردەست نییە.
سباستیان کۆرز، لە بەرواری 27\8\1986 لەدایکبووە و بە یەکێک لە گەنجترین بەرپرسانی وڵاتانی دونیا دادەندرێت کە لە ساڵی 2013ەوە لە لایەن ڕاوێژکاری نەمساوە، لەسەر پشکی پارتی گەلی نەمساوی، پۆستی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەی پێ سپێردراوە.
