ڕاگەیەنەکانی فەرەنسا: هێرشبەرەکە کەسێکی بە ڕەچەڵەک توونسی بووە

ڕاگەیەنەکانی فەرەنسا: هێرشبەرەکە کەسێکی بە ڕەچەڵەک توونسی بووە
ڕاگەیەنەکانی فەرەنسا و ئاژانسە جیهانییەکان لەزاری پۆلیسی فەرەنساوە بڵاویان کردووەتەوە، ئەنجامدەری هێرشە خوێناوییەکە لە "نیس" کەسێکی فەرەنسی بە ڕەچەڵەک توونسی بووە.

ئاژانسی ڕۆیتەرز لەم بارەوە لەزاری پۆلسی فەرەنساوە بڵاوی کردووەتەوە، ئەو هێرشبەرە تەمەن 31 ساڵانە، لە لیستەی کەسانی داواکراوی پۆلیسی فەرەنسادا نەبووە، بەڵام بەهۆی چەند تاوانێکی وەک دزی، توندوتیژی، سیمایەکی ناسراو بووە.

هاوکات هەواڵدەریی فەرەنساش بڵاوی کردووەتەوە، ئەگەری زۆرە ئەو پیاە دانیشتووی شاری نیس بێت.

ڕۆژنامەی "نیس – ماتین" نووسیویە "کەسی هێرشبەر کە لەلایەن پۆلیسەوە کوژراوە، لەناو ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکە، چەک و نارنجۆکی پێ بووە.

لە ڕووداوەکەی دوێنێ ئێوارەی شاری نیسی فەرەنسادا 84 کەس گیانیان لەدەست داوە و لانیکەم 18 کەسیش گیانیان لە مەترسی دایە.

فرانسوا ئۆلاند سەرکۆماری فەرەنسا لە لێدوانێکدا ئەمڕۆ هەینی گوتی "ئەوەی لە نیس ڕووی داوە، هێرشێکی تیرۆریستییە و ناکرێ حاشای لێ بکرێت.

هاوکات باراک ئۆباما ئەو ڕووداوەی زۆر بە "ترسناک" نار بردووە ڕایگەیاندووە لەوانەیە تیرۆریستی بێت و بەتوندی ئیدانەی کردووە.

هاوکات سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و مەسروور بارزانی، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە سێ پەیامی جیاجادا، وێڕای ئیدانەکردنی ئەو کردەوە تیرۆریستییە، سەرخۆشییان لە گەل و حکوومەتی فەرەنسا کردووە و پاڵپشتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان بۆ حکوومەتی فەرەنسای هاوپەیمان دووپات کردووەتەوە.
Top