قسەکانی مەلا بەختیار مشتومڕ لەنێو گۆڕان و یەکێتی دروست دەکات

قسەکانی مەلا بەختیار مشتومڕ لەنێو گۆڕان و یەکێتی دروست دەکات
پاش گوتارەکەی مەلا بەختیار کە دیارە کاریگەری لەسەر گۆڕان و نەوشێروان هەبووە.. سەرکردەیەکی گۆڕان بەمەبەستی نانەوەی ئاژاوەو فیتنە قسە بە مەلا بەختیار دەڵێ: هەڤاڵە نزیكەكانی خۆت بە قۆڵبەستراوی ڕادەستت دەکەن.

گوتارێکی مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان نیگەران دەکات و هەڵسووڕاوەکانیان هێرشی دەکەنە سەر و بە هەڵڕشتنی “کۆنە کینە” لەقەڵەمی دەدەن.

دوای ئەوەی لە میانی کۆڕێکدا کە دوێنێ چوارشەممە (13\7\2016) مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، چەند بابەتێکی سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خستە ڕوو. لە نێو بزووتنەوەی گۆڕاندا کاردانەوە دروست بوو، لەمبارەیەشەوە دلاوەری حاجی عوسمان، سەرکردەی بزووتنەوەی گۆڕان لە وتارێکدا کە میدیاکانی نزیک لە بزووتنەوەکەی بڵاویان کردووەتەوە، داوای لە مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی كردووە: “واز لە شەڕی كۆنە قین بهێنێت، بەتایبەتی بەرانبەر نەوشیروان مستەفا”. دووپاتیشی کردووەتەوە: “ئیتر واز لە شەڕی كۆنە قین بهێنە، تۆ ناتوانیت بەربەرەكانێی نەوشیروان مستەفا بكەیت، كە هەر هەڤاڵە نزیكەكانی خۆت بە قۆڵ بەستراوی ڕادەستت دەكەن”.

لە لایەکی دیکەوە ئاسۆ مه‌حمود، هه‌ڵسووڕاوی گۆڕان ڕای گەیاندووە: " ئه‌و قسه‌یه‌ هه‌موومانی نیگه‌ران كرد، ئێمه‌ له‌و قسه‌یه‌ نیگه‌رانین، مه‌لا به‌ختیار تووڕه‌یی خۆی و شه‌ڕی كۆنی خۆی و كاك نه‌وشیروانی تێكهه‌ڵكێشی كێشه‌كانی ئێستا كردووه‌". به‌ قسه‌ی ئه‌و هه‌ڵسووڕاوه‌ی گۆڕان، مه‌لا به‌ختیار له‌ پشتگوێخستنه‌كه‌ی خۆی له‌ نێو یه‌كێتیدا ده‌یه‌وێ تۆڵه‌ له‌ نه‌وشیروان مستەفا بكاته‌وه‌.

هەر لەمبارەیەوە بێستون عەبدولڕەحمان، پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان، ڕایگەیاند: “من پرسیارێک لە مەلا بەختیار دەکەم، ئێمە لە کوێدا پشتگیریمان لە مانەوەی بارزانی کردووە؟ لە کاتێکدا هەموو ئەو پڕۆژانەی پێشکەشمان کردووە ناوەرۆکیان ئەوە بووە کە بارزانی خۆی بەربژێرنەکاتەوە، ئیتر چۆن قسەی لەو شێوەیە دەکرێت”.

لە چوارچێوەکانی ئەو کاردانەوانە، بەشێک لە یەکێتییەکان پشتیوانی لە قسەکانی مەلا بەختیار دەکەن. لەمبارەیەوە عباس فه‌تاح ساڵح، پەرلەمانتاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕایگەیاند: “بۆچوونەکانی مەلا بەختیار خراپ نییە، دەرخەری واقیعی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستانە، ڕاستە لەسەر بابەتی یاسایی پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بیروبۆچوونی جیاواز هەیە، مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانیش قسەیان لەو بارەوە کردووە، بەتایبەتی بارزانی، پێشنیاری کردووە بۆ ئەو پۆستە کە چی بکرێت؟ یانی ئەم پۆستە گرفتی یاسایی هەیە و ئەمە ڕاستییە، بەڵام بەشێوەیەکی فەرمی هیچ لایەنێک نەیگوتووە کەسێکی دیکە بۆ ئەو پۆستە بەربژێر دەکەین”.

ئەم مشتومڕەی نێوان سەرکردەکانی یەکێتی و گۆڕان لە کاتێکدایە کە ئەو دوو حزبە، ڕێککەوتنێکیان لەنێواندایە و بەپێی ڕێککەوتنەکە، کار بۆ یەکخستنی گوتارەکانیان دەکەن. جگە لەوەی بەپێی ئەو زانیارییانەی کە سەرچاوەکی نێو یەکێتی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە 14\7\2016، نەوشیروان مستەفا لە سلێمانی، پێشوازی لە کۆمەڵێک کادیری دیاری هەولێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردووە، ئەوەش لەنێو سەرکردە دیارەکانی هەولێری یەکێتی، نیگەرانی دروست کردووە و بە جۆرێک لە پەراوێزخستنی خۆیان لێکیان داوەتەوە.

مەلا بەختیار یەکێکە لە دیارترین ئەو سەرکردە باڵایانەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە لە مەراسیمی واژووکردنی ڕێککەوتنەکەی نێوان گۆڕان و یەکێتیدا، ئامادە نەبوو.





باسنیوز
Top