سەرۆك بارزانی : ئەولەویەتی هەرێمی كوردستان شەڕی داعش و تێكشكاندنیانە
ماڵپهری فهرمی سهرۆكایهتی ههرێمی كوردستان بڵاویكردووهتهوه كه ڕۆژی پێنجشەممە (14-7-2016) لە شاری هەولێر مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ژەنەڕاڵ جۆزێف ڤۆتێل، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و كین گرووس كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێر و جەنەڕاڵ مەكفالاند فەرماندەی هێزەكانی هاپەیمانان لە عێراق و ژمارەیەك ئەفسەر و ڕاوێژكاری سوپای ئەمەریكا.
لە كۆبوونەوەكەدا ئەنجامەكانی سەردانی چەند ڕۆژ پێشی وەزیری بەرگریی ئەمەریكا بۆ عێراق و یادداشتی لێكتێگەییشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەت بەرگریی ئەمەریكا تاوتوێ كرا كە بە ئامادەبوونی جێگری وەزیری بەرگریی ئەمەریكا مۆر كرا و فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا سوپاسی ڕەزامەندیی بارزانی كرد بۆ مۆركردنی یادداشتنامەكە و جەختی لە بەردەوامیی پاڵپشتیی زیاتری وڵاتەكەی بۆ هێزی پێشمەرگە كردەوە لە شەڕی تیرۆریستانی داعش و هەورەها پێزانینیشی بۆ بۆچوون و سیاسەتی بارزانی هەبوو كە جەخت لە زامنكردنی ئاییندەی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی پارێزگای نەینەوا و شوێنەكانی تر دەكاتەوە. هەروەها سوپاسی سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ میحوەری مەخموور و سەرپەرشتیی كۆبوونەوەی هاوبەشی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانان و هێزەكانی عێراقی كرد كە ئاماژەیەكی ڕوونە لە سەركردایەتییەكی سەركەوتووی شەڕی دژی تیرۆریستان.
لەبەرانبەردا بارزانی پێزانینی بۆ پشتیوانیی ئەمەریكا لە هێزی پێشمەرگە هەبوو و سوپاسی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكای كرد بۆ واژووكردنی یاداشتی لێكتێگەییشتنی هاوبەش لەگەڵ هەرێمی كوردستان و ڕایگەیاند ئەو هەنگاوە مایەی دڵخۆشی خەڵك و هێزی پێشمەرگەی كوردستانە و ئەوەیشی بۆ شاندی میوان باس كرد كە ئەولەویەتی هەرێمی كوردستان شەڕی داعش و تێكشكاندنیانە و بۆ ئەو مەبەستە ئامادەی هەماهەنگی و كاری هاوبەشە لەگەڵ هێزەكانی عێراقی و هێزە هاوپەیمانەكان.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕابوون كە پێویستە هاوكات لەگەڵ پلانی سەربازی بۆ ئازادكردنی موسڵ پلانی سیاسیش هەبێت بۆ قۆناغی دوای داعش و زامنكردنی ئاییندەی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان و ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی كارەساتەكان و گرفتی كۆمەڵایەتی و سیاسیی لەنێوان لایەنەكان. هەروەها جەختیش لە فشاری بەردەوامی سەربازی لە هەموو بەرەكان لەدژی تیرۆریستانی داعش كرایەوە.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا دوا پەرەسەندنە مەیدانییەكانی شەڕی تیرۆریستان لە سووریا خرایە بەر باس و گفتوگۆ.
جێگەی ئاماژەپێكردنە لەو كۆبوونەوەیەدا ژمارەیەك لە بەرپرسە سەربازی و سیاسییە باڵاكانی هەرێمی كوردستان ئامادە بوون.
