لە پرۆتۆكۆلە سەربازییەكەی نێوان هەولێر و پنتاگۆن دا حساب بۆ بەغداو وەکیلەکانی ئێران نەکرا
حەنان فەتلاوی پەرلەمانتاری عێراق و سەرۆكی لیستی بزوتنەوەی ئیرادە ڕەخنە لە ئەمەریكا دەگرێ بەهۆی ئەنجامدانی پرۆتۆكۆلە سەربازییەكەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و تێپەڕین بەسەر دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندی لە بەغدا.
فەتلاوی لە هژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكدا نووسیویەتی "ئایا ئەمەریكا ڕێز لە سەرۆك وەزیرانی عێراق و حكومەتی بەغدا دەگرێ؟ ئەگەر ڕێزی بگرتایە، بەبێ زانیاری و ڕەزامەندی بەغدا پرۆتۆكۆلی سەربازی لەگەڵ كوردستان ئیمزا نەدەكرد".
فەتلاوی كە بەپەرلەمانتارێكی قین لە دڵ لە دژی هەرێمی كوردستان ناسراوە و زۆرتریش دژی ئەو ئیرادە نەتەوەییەی كوردستانە كە هەرێم بەرەو ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردی دەبات، لە پۆستەكەیدا نووسیویەتی "دوو رۆژ چاوەڕێم كرد داخۆ كاردانەوەكانی بەغدا بەرانبەر ڕێكەوتنە سەربازییەكەی پنتاگۆن و هەولێر چی دەبێ، بەڵام دەركەوت حكومەت وەك وشترمرخ خۆی بێ دەنگ كردووە و بابەتەكە بەبێ دەنگی تێپەڕی".
فەتلاوی كە پێش ماوەیەك پەسنی هەڵوێستەكانی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆرانی دا بەهۆی سووربوونیان لەسەر پاراستنی یەكپارچەیی خاكی عێراق و پشت بەستن بەحكومەتی ناوەندیی شیعە لە بەغدا، لە درێژەی پۆستەكەیدا پرسیویەتی "گریمان ئەگەر بەسرا پرۆتۆكۆلێكی سەربازی لەگەڵ روسیا ئیمزا بكات، هەڵوێستی حكومەتی بەغدا چی دەبێ؟ یان ئەگەر نەجەف لەگەڵ ئێران ئیمزایەكی وا بكا؟ ئایا حكومەت هەر بێ دەنگی هەڵدەبژێرێ؟".
