سەرۆك بارزانی پێشوازی لە كەسایەتی خەباتگێڕ جەوهەر قەهار گەلالی دەكات

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە كەسایەتی خەباتگێڕ جەوهەر قەهار گەلالی دەكات
ڕۆژی پێنجشەممە 14ـی 7ـی 2016 لە سەلاحەدین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە پێشمەرگە و خەباتگێڕ و كەسایەتیی دەڤەری دەشتی هەولێر جەوهەر قەهار گەلالی و ژمارەیەك لە خانەوادە و كەسوكار و هاوڕێیانی كرد.

لە دیدارەكەدا سەرۆك بارزانی ڕۆڵ و پێشمەرگایەتی و ماندووبوونی جەوهەر قەهار گەلالی لە شۆڕشی ئەیلوول و قۆناغەكانی دیكەی خەباتی گەلی كوردستان بەرز نرخاند و سوپاسی تێكۆشەری و ماندووبوونی كرد و بوونی ڕۆڵەی نیشتیمانپەروەر و تێكۆشەری بۆ گەلی كوردستان وەك سامانێكی نەتەوەیی ڕەسەن لە قەڵەم دا.

لەبەرانبەردا جەوهەر قەهار گەلالی سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد و پێزانینی بۆ خەبات و ماندووبوونی سەرۆك بارزانی و خانەوادەی تێكۆشەری بارزانی هەبوو و ئەوەیشی ڕاگەیاند كە خەڵكی كوردستان پشتیوانی سیاسەت و بۆچوونەكانی سەرۆك بارزانین لەبارەی ئاییندەی گەلی كوردستان و متمانەیان بە پێداگیریی سەرۆك بارزانی لە بابەتە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكاندا و ئەوەیشی خستەڕوو كە بە گیان و بە دڵ پشتیوانی سەرۆك بارزانین لە سەربەخۆیی گەلی كوردستان.

هەر لەم دیدارەدا سەرۆك بارزانی لە وتەیەكدا بۆ شاندی میوان ڕاشكاوانە باسی لە پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان كرد و ڕۆشنایی خستە سەر هەنگاوەكان بۆ سەربەخۆیی و ئاییندەی گەلی كوردستان و هەروەها پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا.




Top