لە نمایشە سەربازییەکەی بەغدا ناوی کورد و پێشمەرگە نەهێنرا
نمایشە سەربازییەکە کاژێر 06:00-ی بەیانی رۆژی پێنجشەممە بەئامادەبوونی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەستی پێکرد. جگە لە باڵیۆزی وڵاتان و بەرپرسە ئەمنییە باڵاکانی عێراقیش چاودێرانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەی نمایشەکەبوون.
یەکەمجارە لە دوای 2003وە لە بەغدای پایتەختی عێراق نمایشێکی سەربازی بەو شێوەیە بەڕێوەبچێت، کە تێیدا چەکی قورسی پێشاندران، هاوکات حەشدی شەعبیش بەشدارییان لە نمایشەکەدا کرد و ئەو چەکانەی نمایشیان کردن، بەشێکیان چەکی ئێرانی بوون، ئەگەرچی ژمارەی ئەو چەک و سەربازانەی لەو نمایشە پێشاندران بە فەرمی رانەگەیێندراون، بەڵام ئەوەی بینرا، نمایشەکە بە بەشداری نزیکەی 10 بۆ 15 هەزار سەرباز بوو.
بەشێک لەو سەربازانە، کە جلوبەرگی حەشدی شەعبیان پۆشیبوو، بە بەردەمی سەرۆکوەزیران تێپەڕین، بەپێی زانیارییە نافەرمییەکان دەگوترێت ئێرانی و لوبنانی لەنێو چەکدارەکانی حەشدی شەعبیدابوون، شێوەیان لە بیانی دەچوو، هاوکات لە رێگەی دەمامکەوە دەموچاویان داپۆشرابوو".
لەکاتی نمایشەکە ئەوەی تێبینی کرا، نە سەرۆککۆماری عێراق و نە هیچ بەرپرسێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نمایشە بەشدار نەبوون، لە کاتی گوتنەوەی دروشمەکانیش بە هیچ شێوەیەک ناوی: پێشمەرگە، کورد و هەرێمی کوردستان نەهێنران، تەنیا هێزەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی باسیان لێوەکرا.
"بەپێی بەدواداچوونەکان ئامانج لەو نمایشە سەربازییە ئەوەیە، حەیدەر عەبادی، دەیەوێت لە رێگەی ئەو نمایشەوە پەیامێک بە وڵاتانی ناوچەکە بگەیێنێت و بڵێت ئەو سوپایەی لە کابینەکەی مالیکیدا رووخابوو، من بوونیادم نایەوە"، هەروەها بەپێی گوتەی بەهمەن حەسەن "پەیامێکی دیکەش بۆ نەیارەکانیەتی و، عەبادی دەیەوێت بڵێت هێشتا هێزم بەدەستەوە ماوە و دەتوانم لە دەسەڵات بمێنمەوە و حکومەت بەڕێوەببەم".
بە گوتەی چاودێرانی سیاسی، یەکێکی دیکە لە پەیامەکانی حەیدەر عەبادی لەو نمایشە ئەوەیە " جۆرێک لە ترس و تۆقاندن لەنێو دانیشتوانی عێراق و بەغدا دروستببێت، چونکە ئامادەکارییەکی گەورە بۆ خۆپێشاندانی ملیۆنی لە بەغدا کراوە، کە راستەوخۆ موقتەدا سەدر، سەرپەرشتی دەکات".
بەپێی زانیارییەکان بەشێک لەو هێزەی ئەمڕۆ لە نمایشە سەربازییەکە بەشداربوون، لە ناوەڕاستی بەغدا بڵاوەیان پێکراوە بۆ ئەوەی بتوانن پێش بە خۆپێشاندنی ملیۆنی بگرن.
روداو
