فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا سەردانی هەولێر دەکات

 فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا سەردانی هەولێر دەکات
جەنەڕاڵ جۆزێف ڤۆتیل، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.

جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان راگەیاند: "لە چوارچێوەی سەردانەکەیەدا بۆ عێراق، جەنەڕاڵ جۆزێف ڤۆتیل، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لەگەڵ گەورە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە کۆدەبێتەوە".

لەبارەی وادەی سەردانەکە بە دیارییکراوی، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئەمە پرسێکی سەربازییە و جارێک هیچ زانیارییەک بڵاوناکەینەوە".

بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستکەوتووە، رۆژی پێنجشەممە 14-7-2016 فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا دەگاتە هەولێر.

جەنەڕاڵ جۆزێف ڤۆتیل، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 13-7-2016 بەسەردانێکی راگەیێندراو گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق، لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆکوزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان و خالید عوبەیدی، وەزیری بەرگری عێراق کۆبووەوە".

سەردانی ئەو بەرپرسە باڵا سەربازییەی ئەمریکا لەکاتێکدایە کە رۆژی سێشەممە 13-7-2016 بە ئامادەبوونی مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەلایەن كەریم شنگالی، وەزیری ناوخۆ و وەزیری پێشمەرگە بەوەكالەت، و ئەلیسا سلۆتکین، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا، پرۆتۆكۆڵی سەربازی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمریكا واژۆكرا.

بەپێی پرۆتۆکۆلەکە ئەمریکا هاوکاریی سەربازی و دارایی پێشکەشی هێزەکانی پێشمەرگە دەکات، هەروەها تاوەکو تەواوبوونی شەڕی داعش کار بە پرۆتۆکۆڵی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا دەکرێت.

وەک بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی پێدەدەن، ئەمە یەکەمجارە پرۆتۆکۆڵێکی هاوشێوە بەشێوەیەکی فەرمی واژۆدەکرێت و کاری پێدەکرێت.
Top