پسپۆڕێکی یاسای نێودەوڵەتی: ئەمەریکا بڕوایەکی تەواوی بە سەرۆک بارزانی هەیە

 پسپۆڕێکی یاسای نێودەوڵەتی: ئەمەریکا بڕوایەکی تەواوی بە سەرۆک بارزانی هەیە
پسپۆڕێکی یاسای نێودەوڵەتی بۆ واژووکردنی پرۆتۆکۆڵەکەی نێوان ھەولێر و ئەمریکا دەڵێ، ئەم پرۆتۆکۆڵە گرنگی زۆرە بۆ کوردستان؛ وەڵامێکە بۆ وڵاتانی ناوچەکە؛ پڕچەککردنی کوردستانە بۆ کاتی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی و، بەو ڕێککەوتنەدا ئەمریکا بڕوایەکی تەواوی بە (سەرۆک بارزانی) هەیە.

ڕۆژی سێشەمە (١٢/٧/٢٠١٦ ) لە نێوان (کەریم شنگالی) وەزیری ناوخۆ و پێشمەرگەی ھەرێم بە وەکالەت و (بۆب ڕۆک) جێگری وەزیری بەرگریی ئەمەریکا بە ئامادەبوونی (مەسعوود بارزانی) سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پرۆتۆکۆڵی سەربازیی نێوان ھەولێر ـ واشنتۆن واژوو کراو.

پەیوەست بەم بابەتە (کرمانج عوسمان) پسپۆڕی یاسای نێودەوڵەتی دەربارەی ڕێککەوتنەکەی (١٢/٧/٢٠١٦) نێوان واشنتۆن و ھەولێر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمریکا خۆی دەوڵەتێکی فیدراڵە، عێراقیش وڵاتێکی فیدراڵە، ئا لەبەر ئەوە ئەمریکا دەتوانێت لەگەڵ ھەرێمەکان مامەڵە بکات و ویستی بە شێوەیەکی ڕاستەخۆ لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ڕێککەوتنێک بکات بە تایبەتی لە واژووکردنی ئەم یاداشتنامەیە دەرکەوت، وەک نمونەیەک کاتی ئەمریکا ھاوکاری ھێزەکانی کۆسۆڤۆی دەکرد پێیان دەگوت (ھێزی ئازادی کۆسۆڤۆ) لە بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆرییەت بەھەمان شێوە ئەمریکا ئەم ڕێککەوتنەی کردووە پێشتر لەگەڵ وڵاتانی تر کردوویەتی بەڵام لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەم جۆرە مامەڵەیە ھەیە، مامەڵە لەگەڵ ئەو ھەرێمانە دەکات کە ھێشتان نەبۆتە دەوڵەت، گرنگی ئەم پرۆتۆکۆڵە ئەمەیە کاتێک ئەمریکا دەبینێت کوردستان ھەرێمێکی دیموکراتیکە ئێستا شەڕی تیرۆر دەکات و ئەم ھەموو ئاوارەیەی لەخۆ گرتووە و شوێنێکە بێکێشە و ئارام، ئاسایش بەرقەرارە، شوێنی پێکەوەژیانی گشت نەتەوەکانە؛ ماوەیەک پێش ئێستا بینیمان ئێران بە شێوەیەکی ڕاستەو خۆ ھەڕەشەی لە ھەرێمی کوردستان کرد، بۆیە ئەم پرۆتۆکۆڵە وەڵامدانەوەیەکی ئەم دەوڵەتە ئیقلیمیانەی دراوسێن و ئەمریکا دەڵێت ھەرێمی کوردستان بێپشت نییە."

ھەمووان دەزانن وجودی (مەسعوود بارزانی) ھۆکارێکی بەھێزە بۆ ئەکتیڤبوونی پرسی کورد و بڕواھێنان بە وڵاتانی زلھێز بۆ ھاوکاریکردن کوردستان.

(عوسمان) لەم بارەیەوە گوتی: "کاریزمای (سەرۆک بارزانی) کۆمەڵە خاڵێکە، وەک سەرۆکی ھەرێمی زۆر سەرکەوتووبووە لە سەردانە دیپلۆماسیەکانی بۆ وڵاتان و توانی کورد بەجیھان بناسێنێ لە ھەموو لایەکانەوە و ھاوکاری بۆ کوردستان لە ڕووی ئابووری و ھاوکاریی سەربازی بۆ ھێزی پێشمەرگەی کوردستان دەستەبەر بکات چونکە (سەرۆک) خۆی فەرماندەی گشتی ھێزەکانی پێشمەرگەیە.

سەرۆک وەک کەسایەتییەک خەباتی زۆری ھەیە کەواتە ئەو قورساییە نێودەوڵەتییەی ھەیە، جگەلەمە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بڕوای تەواویان بە سەرۆکی ھەرێم ھەیە، ئەگەر بێتو کەسێکی تر سەرۆکی ھەرێم بوایە ھاوکاری ئەمریکاو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی یارمەتی کوردستانیان نەدەدا بەو شێوەیە، ھیچ پرۆتۆکۆڵێکیش واژوو نەدەکرا."

(عوسمان) بۆگرنگی پرۆتۆکۆڵەکە گوتیشی: "لە ڕاستیدا لە خوێندنەوەی ماددەکان و لە جۆری مامەڵە ئەمریکا لەگەڵ کوردستان وەک ئەوە وایە لەگەڵ دەوڵەتێکی سەربەخۆ مامەڵەی کردبێت، ئەمریکاش پشتگیرە بۆ بە دەوڵەت بوونی کوردستان چونکە دەزانێت ھەموو شێوازەیکانی دەوڵەت بوونی ھەیە مافی ڕەوای خۆیانە، گرنگی بۆ ئەم پرۆتۆکۆڵە بۆ کوردستان دیارە، خەڵکانێک ھەن وا ھەستیان دەکرد کە ئەمریکا گوێ لە کورد ناگرێت و چ سوودی بۆی نیە کە دەڵێن ئەوە کوردستان دوو ساڵە ھەوڵ دەدات لە کۆتایی گەیشتە ئەنجامەکە و تەواو ئەوەندەی بەدەست ھێنا، نەخێر ئەمە سەرەتای ھاوکارییەکانی ئەمریکایە بۆ ھەرێمی کوردستان، لە ئێستاوە کوردستان پڕچەک دەکات تا کە دەوڵەتی خۆی ڕاگەیاند بتوانێت پارێزگارییەکی تەواو لە خۆی بکات؛ ئەمە گرنگترین خاڵە لە پرۆتۆکۆڵەکەدا."












KDP
Top