کادیرێکی پێشکەوتوو: یەکێتییەکانی هەولێر لەناو یەکێتیدا بە هاووڵاتیی پلە دوو دادەندرێن

 کادیرێکی پێشکەوتوو: یەکێتییەکانی هەولێر لەناو یەکێتیدا بە هاووڵاتیی پلە دوو دادەندرێن
کادیرێکی پێشکەوتووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕەخنەی توند لە حزبەکەی دەگرێت و ئەوە ئاشکرا دەکات کە کادیرەکانی هەولێر وەک هاووڵاتیی پلە دوو هەژمار دەکرێن.

د. سامان جەلال، کادیری پێشکەوتووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردەوە: ”لەم هاوکێشەیەی ئێستای کوردستاندا، لە ڕوانگەی بەهۆی بایەخدان بە بڕیاربەدەستەکانی سلێمانی، لەبیر دەکرێت یان لەبیردەچێتەوە کە لە پایتەختی هەرێمەکە چی دەگوزەڕێت و یەکێتییەکانی هەولێر چۆن دەجووڵێن و بە چ ئاراستەیەک دەکەونە ڕێ کە ڕەنگە لەگەڵ یان پێچەوانەی کاروانەکەی سلێمانیدا بێت. لەبەرامبەردا بەهەند وەرنەگرتن و فەرامۆشکردنی یەکێتییەکان لەهەولێر، وەک دەوترێت لە زۆنی زەرد، ئاخۆ دەبێت ڕۆڵیان چی بێت؟ جەماعەتی ئەشهەدوبیلا و کۆمبارسی سیناریۆ و شانۆگەرییەکان و بینەری فلمەکان دەبن؟ یاخود کارەکتەری سەرەکی و چەقەهێزی یەکلاکەرەوەی ئەو کێشمە کێشم و ڕاکێش راکێشانە دەبن؟“.

بە بڕوای ئەو، یەکێتییەکانی هەولێر لە دواجاردا ئەو مەتەڵە هەڵدێنن و ”بە دڵنیاییەوە دەبن بە کلیلێکی گرنگی ئەم قۆناغە، ئاخر فام و هەستکردن بە هاووڵاتیی پلە دووی یەکێتییەکانی هەولێر، لەلایەن بڕیاربەدەستەکانی هەولێر لەلایەک و بڕیاربەدەستەکانی سلێمانی لەلایەکی تر، حاشا هەڵنەگرە“.

د. سامان جەلال جەختی لەوە کردووەتەوە: ”یەکێتییەکانی هەولێر لە هەموو شتێک بێبەش دەکرێن، تەنانەت وەک دەڵێن، ئەوەی سلێمانی نەبێت، نابێت مەقام بڵێت، یان دەبێت بەبادینی ستران ببێژێت“. بە ڕوونیش ئاماژەی بەوە داوە کە لە کۆی 6474 هەزار قوتابخانە و خوێندنگاکانی هەرێمی کوردستان، تەنها یەک یەکێتیی هەولێر نەکراون بە بەڕێوەبەر و لە کۆی 30 زانکۆی بەناو ئەهلی و حکوومی لە هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستان، یەکێتییەکی هەولێر نە سەرۆکی زانکۆ و نەجێگر و نە ڕاگر و نە سەرۆکی بەشیش نین کە دانانی بەشێکی زۆر لەو کورسییانە لەسەر پشکی حزبین. دەشڵێت: ”وەرن سەیری پۆستەکانی ناو حکوومەت و ناوەندە فەرمییەکان بکەن، بزانن چۆن لە یەکێتییەکانی هەولێر دەرکێش کراوە“.

لە کۆتایی نووسینەکەیدا دووپاتی کردووەتەوە: ”لێرەدا ڕووی دەممان بۆ سیستەمی حکومڕانی و بیرکردنەوە ترسناکەکانە، کە دەرکەوتنیان بە تەواوی زەق بووەتەوە و هەستی پێدەکرێت، بۆیە ئەم هەستە گشتییە، یەکێتییەکانی هەولێر، لەم دۆخ و قۆناغەدا، دەکات بەهێزی یەکلاکەرەوە و بە دڵنیایی لە گۆڕینی هاوکێشە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، هاوکێشەگۆڕ دەبن، کە بەرئەنجام و دەرئەنجامەکان، لە دواجار و لە ئایندەیەکی نزیک، لێکەوتە و ڕەنگدانەوە و کاردانەوەکانی دەردەکەوێت“.

ئەمەش دەقی نووسینەکەی ئەو کادیرە پێشکەوتووەی یەکێتییە:

یەکێتییەکانی هەولێر، هاوکێشە سیاسییەکانی هەرێم دەگۆڕن!

د.سامان جلال

لەرێگەی زەقکردنەوەی ناوچەگەرییەوە نا، بەڵکو لەروانگەی هەستکردن بەجولەیەکی مەترسی و ئەگەری کاردانەوەیەکی گەورە دەمەوێت نهێنی کلیلێکی شاراوە بدرکێنم.

دۆخی چەق بەستوی هەرێم و مەنگ بوونی پەیوەندییە ئایدیۆلۆجی و سیاسییەکانی هەرێم، پەیوەستە بەکۆمەڵێک فاکتەری دیارو نادیارەوە. رەنگە زۆرجار هۆکارە دەرەکییەکان بۆ جولەی وڵاتانی هەرێمی و ناوچەیی و دونیا بگەڕێنینەوە، وە هۆکارە ناوخۆییەکان بەژمارەیەک بەهانەی لۆژیکی و نالۆژیکی ببەستینەوە. ئەوەی گرنگە هەموو رووکان لێمان ئاشکرانین و ئاسمانی هەرێم تادێت بەلێلی و هەور دەبیندرێت.

تێکشکاندن و گیرکردنی پەیوەندییە سیاسییەکان و دروستکردنی بۆشایی گەورەی نێوان خەڵک و دەوڵەت، وای لەخەڵک و تەنانەت لەپارتە سیاسییەکانی هەرێم کرد، کەبۆ گەیشتن بەئامانجەکانیان، هەریەکە و دەستکاری ستراتیژو تاکتیکی خۆیان بکەن، کە لەئێستادا بەشێوازی جۆراوجۆر هەلوێستەکان دەبیندرێت، هەندێک توورەییەکانییان زێدەتر دەکەن و هەندێکی تر تووشی هەلاوسان دەبن و بەشکی تر بەرەو رەوینە و داتەپین دەچن.

تێبەردانی داعش لەکوردو پشی پشییەکانی بەغدا بۆ سلێمانی و فشارە ئابووری و سەربازی و سیاسییەکانی تورکیا بۆ هەولێر و ئێران بۆ سلێمانی، تا دێت درزی ئازارەکان باشتر دەردەخات. قایل نەبوونی خەڵک و پارتە سیاسییەکان بەم دۆخە، بۆنی دوو ئیدارەیی زیاتر بلاوکردەوەو سەرەتاتکێ ی ئەو ویستە نەخوازراوەی زیاتر کرد.

ئاخر شارێکی وەکو سلێمانی ناتوانێت، لەم ئاخێندراوکردنە زیاتر بەرگەبگرێ و قەبوولی بێت، بۆیە سروشتی ئەم شارە، بڕیاربەدەستەکانی ناچار دەکات، بەدوای رێگاچارەسەرو ئەلتەرناتیفی ئەم رەوشەدا بگەڕێن و تۆزێک بجولێندرێن. جا رێگا چارەسەرییەکان رەنگە بەلارێدابردن بێت یاخود دۆزەرەوەی چارەسەرێکی کاتی یان تا ئەبەد بێت. لەم هاوکێشەیەداو لەروانگەی هەڵس و کەوتی بڕیاربەدەستەکانی سلێمانی، لەبیر دەکرێت یان لەبیردەچێتەوە کە لەپایتەختی هەرێمەکە چی دەگوزەڕێت و یەکێتییەکانی هەولێر چۆن دەجولێن و بە چ ئاراستەیەک دەکەونەڕێ، کە رەنگە لەگەڵ یان پێچەوانەی کاروانەکەی سلێمانیدا بێت.

لەبەرامبەردا بەهەند وەرنەگرتن و فەرامۆشکردنی یەکێتییەکان لەهەولێر، وەک دەوترێت لەزوونی زەرد، ئاخۆ دەبێت رۆلیان چی بێت، جەماعەتی ئەشهەدوبیلا و کۆمبارسی سیناریۆ و شانۆگەرییەکان و بینەری فلمەکان دەبن، یاخود کارەکتەری سەرەکی و چەقەهێزی یەکلاکەرەوەی ئەو کێشەمە کێشم و راکێش راکێشانە دەبن.

یەکێتییەکانی هەولێر لەدواجاردا ئەو مەتەلە هەڵدێنن و بەدڵنیایی دەبن بەکلیلێکی گرنگی ئەم قۆناغە. یەکێتییەکانی هەولێر، دەبن بەئاسمانی سەر ئەو دەریایەو بەدڵنیایی گۆڕینی رەنگی ئەو دەریایەیان لەدەست دەبێت، کە وەک لەئەگەرەکاندا دەردەکەوێت.

ئاخر فام و هەستکردن بەهاوڵاتی پلە دووی یەکێتییەکانی هەولێر، لەلایەن بڕیاربەدەستەکانی هەولێر لەلایەک و بڕیاربەدەستەکانی سلێمانی لەلایەکی تر، حاشا هەڵنەگرە. مرۆڤایەتی قێزی لەم جۆرە هەڵس و کەوتانەیە کە لەهەناوی هەرێمەکەمان بەرامبەر بەتێکۆشەرو نیشتیمان پەروەرەکانی دەگوزەرێت. ئاخر شورەیی نییە لایەک بەبیانووی ئایدیۆلۆجیای جیاوازو لایەک لەژێر پەردەی رایسیزم و ناوچەگەرێتی، ئاپۆرەیەک پاشەکشە پێبکات و نرخیان نەزانێت و کەنارگیریان بکات و وەک سەنگی خۆیان نەیانخوێنێتەوە، جا بەئەنقەست یان لەکەم زانینەوە بێت.

یەکێتییەکانی هەولێر لەهەموو شت بێبەش دەکەن، تەنانەت وەک دەلێن ئەوەی سلێمانی نەبێت نابێت مەقام بلێت، یان دەبێت بەبادینی ستران ببێژێت. ئاخر گەلۆ بووە لە کۆی ٦٤٧٤ هەزار قوتابخانەو خوێندنگاکانی هەرێمی کوردستان، تەنها یەک یەکێتی هەولێر نەکرێت بەبەرێوەر، ئاخۆ دەبێت لەکۆی ٣٠ زانکۆی بەناو ئەهلی و حکومی لەهەموو شارەکانی هەرێمی کوردستان، یەکێتییەکی هەولێر نەسەرۆکی زانکۆ و نەجێگرو نەراگرو نەسەرۆکی بەش بێت، ئایا بێتواناییانە یان ترس لەتواناکانیاندایە.

وەرن سەیری پۆستەکانی ناو حکومەت و ناوەندە فەرمییەکان بکەن، بزانن چۆن لەیەکێتییەکانی هەولێر دەرکێش کراوە. ئاخر بووە لەکۆی زیاتر لەهەزار یاریگای وەرزشی، یاریگایەک لەژێر ئیرادەی وەرزشەوانێکی یەکێتیەکی هەولێر، لەهەموو هەرێمدا نەبێت. ئاخر لە کۆی دەیان و سەدان دەزگای راگەیاندن، لەسلێمانی و هەولێرو دهۆک، چەند یەکێتی هەولێری تێدایە، ئاخۆ دەبێت رۆشنبیر نەبن یاخود ترس لەرۆشنبیرییاندایە. کە رەنگە ئەم ماستە گوریسێکی تیابێت نەوەک موویەکی تێدابێت.

ئاخر دڵنیام خەڵکی شارەکانی سلێمانی و دهۆک و کەرکوک و هەلەبجە، خەڵکی نیشتیمان پەروەرو نازدارن، پێویستە جوانتریش بژین وەک لەوەی کە هەیە، بەڵام تێکۆشەرەکانی هەولێر بەهەمان شێوە نەتازە گەیشتوون و نەتازە لەژێر زەویدا هەڵقولاون. لێرەدا رووی دەممان بۆ سیستەمی حکومرانی و بیرکردنەوە ترسناکەکانە، کە دەرکەوتنییان بەتەواوی زەق بۆتەوە و هەستی پێدەکرێت.

بۆیە ئەم هەستە گشتییە، یەکێتییەکانی هەولێر، لەم دۆخ و قۆناغەدا، دەکات بەهێزی یەکلاکەرەوەو بەدڵنیایی لەگۆڕینی هاوکێشە سیاسییەکانی هەرێم، هاوکێشەگۆڕ دەبن، کە بەرئەنجام و دەرئەنجامەکان، لەدواجارو لەئایندەیەکی نزیک، لێکەوتەو رەنگدانەوەو کاردانەوەکانی دەردەکەوێت.











باسنيوز
Top