پسپۆڕێکی یاسایی: لێکتێگەیشتنەکەی هەولێر و واشنتۆن کاریگەریی لەسەر پرسی سەربەخۆیی دەبێت

 پسپۆڕێکی یاسایی: لێکتێگەیشتنەکەی هەولێر و واشنتۆن کاریگەریی لەسەر پرسی سەربەخۆیی دەبێت
بەگوتەی پسپۆڕێکی دەستوور و یاسا، واژۆکردنی لێکتێگەیشتنی سەربازی لە نیوان وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا، بەڵگەیە بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگە بەشێکە لە هێزی بەرگریی نێودەوڵەتی، هاوکات کاریگەریی ڕاستەوخۆشی لەسەر پرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان هەیە.

ئەمڕۆ چوارشەممە (13,7,2016)، دکتۆر عەبدولڕەحمان حاجی زێباری، پسپۆڕ لە دەستوور و یاسای نێودەوڵەتی، ڕایگەیاند: "داعش بووەتە هەڕەشە لەسەر ئەمن و ئاسایشی نێودەوڵەتی، وڵاتانی زڵهێز و بەتایبەت ئەمەریکا بەرپرسن لە نەهێشتنی ئەو هەڕەشەیە لەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بۆ ئەو مەبەستەش ئەگەر ئەو پڕوتۆکۆلە لەگەڵ هەرێمی کوردستان ئیمزا نەکەن، دەبێ چین، فەرەنسا، بەریتانیا، ڕووسیا و ئەمەریکا هێز بنێرن بۆ شکستهێنان بە داعش".

زێباری گوتیشی: "لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هێزی پێشمەرگە بە هێزێکی کاریگەر و چالاک لە بەرەی دژی داعش هەژمار دەکرێت، چونکە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی داعش لە شەڕی وشکانیدا، بووەتە بەدیلێکی نێودەوڵەتی، بەو مانایەی سەرەڕای بەرگریکردن لە کوردستان، هاوکات ئەمن و ئاسایشی نێودەوڵەتیش دەپارێزێت".

هەر لەو بارەیەوە ئەو مامۆستایەی زانکۆ، ئەوەشی خستەڕوو؛ "کە ئەو لێکتێگەیشتنە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان هەیە، چونکە ئەگەر ڕیفراندۆم بەرەو سەربەخۆیی بێت، دەبێ ئەوە بزانین کە سەربەخۆیی تەنیا لەدایکبوون نییە، بەڵکوو زیاتر بەردەوامبوونە".

عەبدولڕەحمان حاجی زێباری پێی وایە، بەردەوامبوون لە سەربەخۆیی، یان پاراستنی سەربەخۆیی، پێویستی بە هێزێکی ڕێک و هەماهەنگی وەکوو پێشمەرگە هەیە، بۆ ئەوەی داکۆکیکارێکی نێودەوڵەتیی بێت، بە بڕوای ئەو شارەزایە، ئەمەریکا بۆی دەرکەوتووە کە هێزی پێشمەرگە بەرگری لە کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان دەکات و خەڵکی سڤیل دەپارێزیت.









باسنیوز
Top