سەرکردەیەکی هاوبەشی گۆڕان و یەکێتی: پەیوەندیمان لەگەڵ تورکیا باش نییە و وەک خۆشی دەمێنێتەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە 13\7\2016، محەممەد ڕەفعەت، سەرکردەی هاوبەشی گۆڕان و یەکێتی، و ئەندامی پێشووی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: “ئەوەی ئێستا ئەمەریکا لەگەڵ بارزانی کردوویەتی، ڕێککەوتنە بۆ دوای شەڕی داعش، بەڵام پێگەی یەکێتی و گۆڕان جەماوەرییە کە سبەی ئێمە دەتوانین داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە بکەین، بەڵام ئەوەی ئەمەریکا دەیکات لەگەڵ بارزانی، مامەڵە کردنە لەگەڵ ئەمیری واقیع”.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەو سەرکردە هاوبەشەی گۆڕان و یەکێتی گوتی: “پەیوەندیی تورکیا و یەکێتی و گۆڕان باش نییە، ئەم باش نەبوونە وەک خۆی دەمێنێتەوە تا کۆتایی شەڕی داعش، چونکە تورکیا دەیەوێت ویلایەتی مووسڵ زیندوو بکاتەوە، سیاسەتی تورک بەرەو شکست ڕۆیشتووە، ئێستاش لەگەڵ ڕووسیا و بەشار ئەسەد ڕێککەوتووە و پارتیش لەسەر ئەو بەڵێنانەی تورکیا مامەڵەی دەکرد، کاری لەویش کردووە و لاواز بووە".
ئەم قسانەی ئەو سەرکردە هاوبەشەی یەکێتی و گۆڕان لە کاتێک دایە کە پێشتر د. مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد و ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاندبوو، ڕێککەوتنەکەی نێوان هەولێر و واشنتۆن، سەرەتایە و ڕێککەوتنی دیکەی بەدوادا دێت. ئەوەشی ڕوون کردبووەوە کە ڕێککەوتنەکە بۆ کورد زۆر گرنگە و وەک گەرەنتییەک وایە.
باسنیوز
