گۆڕان: پۆستی پارێزگاری سلێمانی لە یەکێتی وەردەگرینەوە

گۆڕان: پۆستی پارێزگاری سلێمانی لە یەکێتی وەردەگرینەوە
سەرۆکی فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت، کە لە کاتی خۆیدا، پۆستی پارێزگاری سلێمانی لە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان وەردەگرنەوە.

لەو داوایاندا دیارە کە بەناو رێککەوتنەکەیان جێگای متمانەیان نییە، ئەگەرچی وایان بڵاوکردبوویەوە کە فراکسیۆنەکانیان یەکیانگرتۆتەوە، بەلام دیارە سەرکەوتوو نەبوون و لەیەکدی بە بیانوون.

دانا تاھیر، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، یەکێتی ڕازییە بەوەی دوو ساڵی خولی دووەمی پۆستی پارێزگاری سلێمانی ڕادەستی بزووتنەوەی گۆڕان بکات.

دانا تاهیر ئاماژەی بەوەش کرد، کە گۆڕان و یەکێتی رێککەوتوون لە کاتی یاسایی خۆیدا پۆستەکانی پارێزگاری سلێمانی و ھەڵەبجە و جێگری پارێزگارەکان، لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی هەردوو پارێزگاکە ئەگەر تەشکیل بکرێن، ئاڵوگۆڕی پێبکرێت.

بەھرۆز جەعفەر، چاودێری سیاسی پێیوایە یەکێتی پۆستی پارێزگاری سلێمانی رادەستی گۆڕان ناکات، چونکە ئەو پرسە لە رێککەوتنی نێوانیان قسەی لەسەرکراوە، ”بەنھێنی لە ڕێککەوتنی نێوان گۆڕان و یەکێتی ئەوە ھاتووە، کە پۆستی پارێزگاری سلێمانی بۆ یەکێتی بمێنێتەوە“.

بەهرۆز جەعفەر پێیوایە لە ئەگەری پێدانەوەی پۆستەکە بە گۆڕان، نوێنەری گۆڕان لەو پۆستە ناتوانێ ”شتێکی ئەوتۆی وەکو خزمەتی ھاووڵاتییان و چارەسەرکردنی کێشەکانی شاری سلێمانی و دەروربەری بکات“.

بزووتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی 2013ـی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە پارێزگای سلێمانی دەنگی یەکەمی بە دەستهێنا و یەکێتی رازی نەبوو پۆستەکە رادەستی ئەو بزووتنەوەیە بکات، دواتر رێککەوتن دوو ساڵی یەکەم ئاسۆ فەرەیدوون لە یەکێتی ببێتە پارێزگار و دوو ساڵی دووەم هەڤاڵ ئەبوبەکر لە گۆڕان ببێتە پارێزگاری سلێمانی.

رۆژی سێشەممە 17ـی ئایاری 2016، بە ئامادەبوونی جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، کۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری یەکەمی تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا، رێکخەری گشتیی گۆڕان رێککەوتننامەی هاوبەشیان لەنێوان حزبەکانیان واژۆ کرد.



باسنیوز
Top