مەحمود عوسمان: کورد لەڕێی بارزانی گەرەنتی لە ئەمریکا وەرگرت
سیاسەتمەداری گەلی کوردستان باس لە گرنگیی پرۆتۆکۆلەکەی نێوان هەولێر و واشنتۆن دەکات و ڕای دەگەیەنێت: "کورد گەرەنتی لە ئەمەریکا وەرگرت".
د.مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد و ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: “پرۆتۆکۆلەکەی دوێنێ سێشەممە 12\7\2016ی نێوان هەولێر و واشنتۆن، گرنگە، چونکە سەربازییە کە لەم کاتەدا شەڕی داعش هەیە و هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەبەرەکانی جەنگ دان، لەهەمان کاتدا پێشمەرگە بە سانایی بەشداری لە ئازادکردنەوەی مووسڵدا ناکات، واتە بەبێ بەرنامە ناچێتە ناو شاری مووسڵەوە، بۆیە ئەمەریکا خراوەتە بەردەم رێککەوتنێکەوە کە هاوکاریی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بکات، بۆ ئەوەی بەشدار بێت لە شەڕی مووسڵ”.
ئەوەشی ڕوون کردەوە، ئەم لێکتێگەیشتنە سەرەتایە و لەوە دەچێت لە داهاتوو شتی دیکەی بەدواوە بێت. گوتیشی: “تموحمان هەیە کە ئەو ڕێککەوتنانە لە داهاتوودا بکرێنە ڕێککەوتنی سیاسی کە ئەوە گرنگە و پۆزەتیف و ئەرێنییە". دووپاتیشی کردەوە، خودی ڕێککەوتنەکە گرنگە، چونکە واژووکردنی ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمەریکا، قۆناغێکی نوێیە.
مەحمود عوسمان لە لێدوانەکەیدا باسیشی لەوە کرد: “لەناو لێکتێگەیشتنەکەدا باسی چەک و پارە و بودجە کراوە، ئەمەش زۆر گرنگە بۆ قۆناغی ئازادکردنەوەی مووسڵ، چونکە بمانەوێت و نەمانەوێت، هەر دەبێت بەشداریی ئەو شەڕە بکەین، بۆیە ئەوە دوو ساڵە هەوڵی ئەو ڕێککەوتنە دەدرێت، ئێستاش کە کراوە، زۆر گرنگە بۆ ئەم قۆناغە و گەرەنتییە”.
باسنیوز
