لێژنەی ناوخۆی پەرلەمان: هەوڵێک هەیە بۆ بەلاڕێدا بردنی کەیسی تەقەکردن لە بارەگاکەی پارتی لە سلێمانی
ئەمڕۆ چوارشەممە 13\7\2016، نازم هەرکی، جێگری سەرۆکی لێژنەی ناوخۆ و ئاسایشی خۆجێی لە پەرلەمانی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “تاوانبار هەر تاوانبارە و پارێزبەندیش بۆ هیچ تاوانبارێک نییە، جا سەر بە هەر چ لایەنێک بێت، بۆیە دەبێت بە بەهانەی لایەنگریی سیاسی، سستی نەخرێتە ناو لێکۆڵینەوەکانی تەقەکەرەکەی بەردەم ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی لە سلێمانی”. ڕوونیشی کردەوە: “بۆ ئێمە گرنگ نییە سەر بە چ لایەنێکە، بەڵکو بۆ ئێمە گرنگە کە کێ لە پشت ئەجێندای کردەوەکەیەوە و دەبێت ئەو دەستە کەشف بکرێت".
نازم هەرکی ئەوەشی ڕوون کردەوە: "وەک جێگری سەرۆکی لێژنەی ناوخۆ و ئاسایش، بەدواداچوون لەسەر ئەو کەیسە بەردەوام دەبێت، بۆ ئێمە گرنگ نییە سەر بە کێیە، ئێمە دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکانمان دەوێت، دەمانەوێت ئەو تاوانبارە بهێنرێتە سەر شاشەی تەلەفزیۆن و بڵێت کێ لە پشت ئەوەوە بووە کە تەقە لە بارەگای ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی بکات، بۆچی ئەم تاوانە ئەنجام دراوە؟ کێی لەپشت بووە؟ خۆشی بۆ ڕای گشتی ڕوون بکاتەوە بۆ کردوویەتی؟".
بە گوتەی جێگری سەرۆکی لێژنەکەی پەرلەمانی کوردستان: “ئەوەی ئێمەی نیگەران کردووە، ئەوەندە کار لەسەر ئەوە دەکرێت کە ئەم تاوانبارە سەر بە چ لایەنێکە، ئەوەندە کار لەسەر ئەوە ناکرێت کە بۆ ئەو کارەی کردووە و کێ لە پشتیەوە بووە؟".
لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوو، کەسێک لەبەردەم ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان تەقەی بە ئاراستەی بارەگاکەی پارتی کرد و برینداری لێ کەوتەوە، دواتریش هەواڵی دەستگیرکردنی تەقەکەرەکە بڵاو کرایەوە.
