سوید ژمارەی راوێژکارە سەربازییەکانی لە کوردستان زیاد دەکات

سوید ژمارەی راوێژکارە سەربازییەکانی لە کوردستان زیاد دەکات
حکوومەتی سوید بە نیازە ژمارەی راوێژکارە سەربازییەکانی لە هەرێمی کوردستان زیاد بکات.

پیتەر هالکڤێست، وەزیری بەرگری سوید رایگەیاندووە، کە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی داوای لە وڵاتەکەی کردووە رۆڵێکی کاراتر لە شەڕی دژ بە رێکخراوی توندڕەوی داعش بگێڕێت.

پیتەر ھالکڤێست ئاماژەی بە ژمارەی راوێژکارە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە کوردستانی باشوور کردووە و رایگەیاندووە، کە دەیانەوێ راوێژکارە سەربازییەکانیان لە 35 راوێژکارەوە زیاد بکەن بۆ 70 راوێژکار.

ئەو 35 راوێژکارە سەربازییەی سوید، کە ئێستا لە کوردستانن، لە مانگی ئاداری ساڵی 2016ـەوە هاوشێوەی راوێژکارە سەربازییەکانی ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، نەرویج، ئیتاڵیا، ئەڵمانیا و هەنگاریا مەشق و راهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەکەن.

دوای هێرشی داعش بۆ سەر کوردستانی باشوور لە مانگی ئابی 2014، وڵاتانی ئەوروپا و رۆژئاوا بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا، هاوپەیمانییەکیان پێکهێنا، کە ئەرکیان مەشقکردنە بە هیزە زەمینییەکانی دژی داعش و بۆردومان کردنی بنکە و بارەگاکانی ئەو رێکخراوەیە لە رێگەی فڕۆکە جەنگییەکانیانەوە.
Top