پەرلەمانتارە کوردەکانی بەغدا ڕەوانەی کوردستان دەکرێنەوە
د. ئەشواق جاف، پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاند، لە لایەن سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکانەوە پێیان ڕاگەیەندرا، کە رۆژی پێنجشەممە 14ـی تەمموزی 2016 و رۆژی دواتر لە بەغدا نەمێنینەوە، چونکە ”دۆخی ئاسایشی پایتەخەت ئاڵۆز دەبێت“.
ئەشواق جاف هەروەها رایگەیاند، کە بڕیارە رۆژی پێنجشەممە نمایشی سەربازی لە بەغدا بەڕێوە بچێت و بەپێی زانیارییەکانیش گرووپ و میلیشیاکانی نزیک لە نووری مالیکی وەک خۆ نمایشکردنێک لەبەرامبەر ھەڕەشەکانی موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر، نمایشی سەربازی دەکەن.
پێشتر موقتەدا سەدر داوای لە لایەنگرانی کردبوو، رۆژی هەینی 15ـی تەمموز خۆپێشاندانێکی ملیۆنی لە شاری بەغدا ئەنجام بدەن، بەمەش مەترسیی دەکرێت خۆپێشاندەران هەڵبکوتنە سەر ناوچەی سەوز (ئەو ناوچەیەی حوکمڕانیی عێراقی تێدا دەکرێت)، هەروەک لە کۆتایی مانگی نیسان و سەرەتای ئایار، پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیرانیان داگیر کرد.
ئەو پەرلەمانتارە کوردە ئاماژەی بەوەش کرد، کە دوای دانیشتنی پەرلەمان لە رۆژی چوارشەممە، پەرلەمانتارە کوردەکان دەگەڕێنەوە کوردستان و چاودێریی دۆخەکە دەکەن.
باسنیوز
