ئەمریکا تەنها لە ڕێگای سەرۆک بارزانییەوە هاوکاری بە پێشمەرگە دەدات

ئەمریکا تەنها لە ڕێگای سەرۆک بارزانییەوە هاوکاری بە پێشمەرگە دەدات
ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، بەهۆی لێکتێگەیشتنەکەی ئەمڕۆ سێشەممە 12\7\2016ی نێوان وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، چیتر واشنتۆن لە ڕێگای بەغداوە هاوکاریی پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان ناکات.

کیفاح مەحموود، ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاند، واژووکردنی لێکتێگەیشتنەکەی ئەمڕۆی نێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و وەزارەتی پێشمەرگە، جەخت لەو سەرکەوتنە گەورەیە دەکاتەوە کە بارزانی و پێشمەرگە لە دژی داعشدا تۆماریان کردووە. ڕوونیشی کردەوە: ”پێشمەرگە سەلماندوویەتی کە هێزێکی سەربازیی ڕێکوپێکە و لە ناوچەکانی ململانێدا ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ و یاساکانی شەڕ و یاسا نێودەوڵەتییەکان دەگرێت، جگە لەوەی لە ماوەی ئەو 2 ساڵەدا پێشمەرگە بە سەرکردایەتیی بارزانی، سەرکەوتنی گەورەی لە دژی داعش بەدەست هێناوە و هەماهەنگییەکی وردیشی لەگەڵ لایەنی نێودەوڵەتی و لایەنی عێراقیشدا هەبووە، ئەمەش وای لێ کراوە کە لە هەموو جیهاندا ڕێزی لێ بگیرێت“.

کیفاح مەحموود ئاماژەشی بەوە کرد: ”ئێمە هەست بە گرنگیی ئەو لێکتێگەیشتنەی نێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و وەزارەتی پێشمەرگە دەکەین، کە پشتیوانیی پێشمەرگە دەکات لە ڕووی دارایی و سەربازی و مەعنەوییەوە“. گوتیشی: ”لەمەودوا ئەمریکا بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا، هاوکارییەکانی بە هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت، بەڵام بە هەماهەنگیی بەغدا دەبێت“.

ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەشی ئاشکرا کرد: ”بە دڵنیاییەوە لێکتێگەیشتنی دوورمەودا لە نێوان ئاسایش و ئاشتیی ناوچەکە هەیە لە نێوان هەولێر و واشنتۆن، بەبێ هەماهەنگیکردن لەگەڵ پێشمەرگە، ناکرێت ئاسایش و ئاشتیی ناوچەکە بەرقەرار بێت“.
رۆژی سێشەممە 12\7\2016، بە سەرپەرشتیی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لێکتێگەیشتنێک لە نێوان بۆب وۆرک، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا بۆ کاروباری ئاسایشی نێودەوڵەتی و کەریم سنجاری، وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت واژوو کرا.




باسنیوز
Top