تورکیا بۆ یەکێتی ئاگادار بە، وەک حوسییەکانی یەمەن و حزبوڵا لەقەلەم نەدرێیت
بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە ماوەی رابردوودا حکوومەتی تورکیا داوای روونکردنەوەی لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردووە سەبارەت بە ڕێککەوتننامەکەی لەگەڵ گۆڕان، کە پێشمەرجی تورکیا بووە بۆ پێشوازی لە شاندێکی فەرمیی یەکێتی.
سەرچاوەکە ئەوەشی خستە ڕوو، جگە لەو مەرجەیان، تورکیا چەند پێشمەرجێکی دیکەیشی ھەبووە بۆ دانیشتن لەگەڵ یەکێتی، بەتایبەتی ھەڵوێستیان لەبارەی پەکەکە و ھێزە سیاسییەکانی رۆژئاوا کە سەر بە پەکەکەن.
سەرچاوەکە راشی گەیاند، لەم ماوەیەدا یەکێتی فشارێکی زۆری دەرەکی و ھەرێمیی لەسەر بووە بەھۆی ئەو تەمومژەی کە بەھۆی رێککەوتنەکەی لەگەڵ گۆڕان بۆی دروست بووە، ھەر لەبەرئەوەشە ماوەیەکە کەوتووەتە خۆی و چەند دیدارێکی گرنگی لەگەڵ بەرپرسانی پەکەکە و رۆژئاوای کوردستان ئەنجام داوە.
سەرچاوەکە لەبارەی ئەو دیدارانەوە ئاشکراشی کرد، کە بەر لە مانگی رەمەزان بە چەند رۆژێک یەکێتی جەمیل بایکی بانگھێشت کردووە بۆ سلێمانی و لە ماڵی تاڵەبانی کە بەرپرسە باڵاکانی یەکێتیی لێ بووە، باسی ھەستیاریی بارودۆخ و فشارەکانی سەر یەکێتییان بۆ کردووە.
سەرچاوەکە ئەوەشی خستە ڕوو کە بەرپرسانی یەکێتی بە جەمیل بایکیان گوتووە کە پێویستە ئەوان وەکو پەکەکە لە باکوور و رۆژئاوا رەچاوی ئەوە بکەن کە دوای رێککەوتنی یەکێتی لەگەڵ گۆڕان، تورکیا زۆر تووڕە بووە و گومانی ئەوە دەکات نفوزی ئێران لە ناوچەی سلێمانی بۆ دژایەتیی تورکیا بەھێز بکرێت.
بەپێی ئەو سەرچاوەیە، بەرپرسێکی یەکێتی بە جەمیل بایکی گوتووە کە تورکیا ھەڕەشەی ئەوەی کردووە لە نێوەندەکانی دەرەوەدا ھەوڵەکانی بۆ ئەوە بەگەڕ دەخات کە ناوبانگی یەکێتی ھاوشێوەی ناوبانگی حوسییەکانی یەمەن و حزبوڵا لێ بکات.
سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد، سەرکردەکانی یەکێتی داوایان لە پەکەکە کردووە بە سیاسەتەکانیدا بچێتەوە، بە شێوەیەک کە ئەوان کێشەیان بۆ دروست نەبێ.
ھەر بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، لە رۆژانی رابردووشدا شاندێکی یەکێتی لەگەڵ ساڵح موسلیم ھاوسەرۆکی پەیەدە دانیشتوون و ھۆشداریی ئەوەیان داوەتێ کە ئەوان لەژێر فشارێکی زۆردان و ناتوانن وەکو پێشتر پشتیوانییان بکەن، بەتایبەتی کە پێیانوایە ئەو سیاسەتەی کە ئەوان وەکو پەیەدە پەیڕەوی دەکەن زۆر ترسناکە و یەکێتی لەمەوبەر باجی ھەڵەی ئەوانی داوە.
سەرچاوەکە پێشبینیی ئەوەشی کرد کە پەیوەندییەکانی یەکێتی لەگەڵ تورکیادا ببێتە ھۆکار بۆ ئەوەی یەکێتی بە ناچاری بەخۆداچوونەوە بۆ ھەندێک لە سیاسەتەکانی بکات.
بەشێوەیەک ھەندێک لە بەرپرسانی یەکێتی کە شارەزای فایلی تورکیا و ھەرێمن و چەندین ساڵە لەم بوارەدا ئەزموونیان کردووە، پێشنیاریان بۆ دەسەڵاتدارانی یەکێتی کردووە کە چاککردنی پەیوەندییەکانی یەکێتی لەگەڵ تورکیا، تاکە رێگەی دەربازبوونی یەکێتییە لەو کێشانەی بەھۆی پەکەکەوە تێی کەوتووە.
بەڵام فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ (باس) رای گەیاند، رێککەوتنی یەکێتی و گۆڕان پەیوەستە بە ناوخۆی کوردستان، نە لەلایەن ئێران و نە لەلایەن تورکیاوە داوای روونکردنەوەیان لێ نەکراوە، گوتی: "پڕۆژەکە بڵاو کراوەتەوە و بێ گومان ئەگەر ئەوان مەبەستیان بووبێت کەوتووەتە دەستیان".
راشی گەیاند، لە ئێستا بەرنامەیان نییە سەبارەت بە رێککەوتنەکەیان روونکردنەوە بدەن بە وڵاتانی ئیقلیمی، روونکردنەوەکەشیان بۆ بەرپرسانی عێراق تەنیا لەبەرئەوە بووە کە تا ئێستا ھەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق، گوتی: "پێمانوانییە پێویست بێت لەسەر ئەو پرسە روونکردنەوە بە ئێران یان تورکیا بدەین، زیاتر ئەو بابەتە ناوخۆیییە".
لەبارەی پەیوەندیی یەکێتی لەگەڵ تورکیا و ئێران رای گەیاند، پەیوەندییەکانی یەکێتی لەگەڵ ئێران باشە و لە تورکیاش نوێنەرایەتیمان ھەیە و تەنیا رای جیاوازمان لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی کورد لەو وڵاتەدا ھەیە، گوتیشی: "یەکێتی نەبووەتە تەرەف و خاوەنی سیاسەتی خۆیەتی".
باسنیوز
