دواى وەرگرتنەوەی نمرەكانی كچێك لە سلێمانی خۆی سووتاند
نەقیب سەركەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی راگەیاند:"كچێك لە شارەدێی عەربەت سەر بە شاری سلێمانی، خۆی سووتاند. لەكاتی هەوڵدان بۆ كوژراندنەوەی ئاگرەكە، داپیرەی كچەكەشی سووتاوە. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان كچەكە بەهۆی دەرنەچوونی لە تاقیكردنەوەی ئەزموونە گشتییەكانی قۆناخی 12ی ئامادەیی خۆی سووتاندووە."
نەقیب سەركەوت ئەحمەد، گوتی:" كچەكە ناوی (د.م)ـە و لەدایكبووی 1999یە و رێژەی سوتانەكەی 96% ـە، بەڵام داپیرەی کچەکە بەشێك لە جەستەی سووتاوە و رێژەكەی كەمترە. ئەوان رەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی كراون و دۆسیەی لێكۆڵینەوەش بۆ رووداوەكە كراوەتەوە و لێكۆڵینەوە بەردەوامە."
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان،رۆژی سێشەممە 12-7-2016 ئەنجامی تاقیكردنەوەی ئەزموونە گشتییەكانی قۆناغی 12ی ئامادەیی "زانستی و وێژەیی" و پۆڵی 9ی بنەڕەتی راگەیاند.
