واژۆكردنی پرۆتۆكۆڵەكە دەری‌خست بەهێزترین وڵاتی جیهان كیشەی لەگەڵ دامەزرانی دەوڵەتی كورداندا نییە

واژۆكردنی پرۆتۆكۆڵەكە دەری‌خست بەهێزترین وڵاتی جیهان كیشەی لەگەڵ دامەزرانی دەوڵەتی كورداندا نییە
سەرۆكی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێ واژۆكردنی پرۆتۆكۆڵی نێوان هەرێم و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەری‌خست بەهێزترین وڵاتی جیهان كیشەی لەگەڵ دامەزرانی دەوڵەتی كوردیدا نییە؛ "ئەم هاوپەیمانێتیەی نێوانمان لەسەر حیسابی هیچ وڵات و لایەنێك نییە و ئەم پرۆتۆكۆڵە تایبەت نییە بە پارتی و بۆ هەموو هەرێمی كوردستانە.

(ئاری هەرسین) ڕاگەیاند: "ئەو پرۆتۆكۆڵەی كە ئیمزا كراوە بەر لە هەموو شتێك ئەوە دەگەیێنێ دامودەزگا حكوومییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەركردەیەكی سیاسی گەورەی ناوچەكە مامەڵە لەگەڵ سەرۆك بارزانیدا دەكات. ئاخر ئێستا بەڕێوەبردنی هەرێمی كوردستان و سەركردایەتیكردنی كورد هەر بە سەرۆك بارزانی دەكرێت."

گوتیشی: "بەو پرۆتۆكۆڵەی بەینی هەرێمی كوردستان و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكادا دیارە كە پێگەی هەرێمی كوردستان لە نەخشەی سیاسیی جیهان و بە تایبەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا فاكتەرێكی زۆر گرنگە."

سەرۆكی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان جەختیشی كردەوە: "واژۆكردنی وەها پرۆتۆكۆڵێك لە بابەتی ڕیفراندۆم و دەوڵەتی كوردیدا ئەوە دەگەیێنێ كە نەک ڕێگرمان نییە بەڵكو ئەوەی ئەلفوبێی سیاسەت بزانێ بۆی ڕوونە كە بەهێزترین وڵاتی جیهان كیشەی لەگەڵ دامەزرانی دەوڵەتی كوردیدا نییە. بەڵام بنەمای سەرەكی، یەكڕیزیی ناوماڵی كوردە. من وەكو سەرۆكی لیژنەی پیشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان دەستخۆشی لە سەرۆك بارزانی دەكەم و زۆر سپاسی وەزارەتی بەرگریی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەكەم بۆ ئەم دەستپێشخەرییە و بە هاوپەیمانەتییەكی گرنگی دەزانین."

هەرسین ئاماژەیشی دا: "ئەم هاوپەیمانێتیەی نێوانمان لەسەر حیسابی ئێران و توركیا و بەغدا و هیچ وڵات و لایەنێك نییە، ئەم پرۆتۆكۆڵە تایبەت نییە بە پارتی و بۆ هەموو هەرێمی كوردستانە. هیوادارم دوای ئەم ڕێكەوتنەوە یەكڕیزی خۆمان پتەو بكەین و بەهیمەتی سەرۆك بارزانی لایەنە سیاسییەكانی هەرێم كۆببنەوە و یەكریزی و هاوپەیمانێتی ڕاستەقینە بێتە دی بۆ ئەو مەقسەدەی كە هەموومان ئارەزوومانە كە ئەویش سەربەخۆییە."

ئەمڕۆ سێشەممە 12ـی 7ـی 2016 لە سەلاحەدین، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە ئێلیزا سلۆتكین یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا كرد و یادداشتی لێكتێگەیشتنی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ئیمزا كرا و جەخت لە هاوبەشی و پتەوكردنی دۆستایەتییەكی پتەو لە نێوان هەولێر و واشنتندا كرایەوە
Top