وەزارەتی پێشمەرگە: راپۆرتێكمان داوەتە هاوپەیمانان.. مووسڵ هەمان دەروازە دەبێت بۆ دەركردنی داعش

 وەزارەتی پێشمەرگە: راپۆرتێكمان داوەتە هاوپەیمانان.. مووسڵ هەمان دەروازە دەبێت بۆ دەركردنی داعش
بەڕێوەبەری رۆشنبیری و هۆشیاری لە وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێ، راپۆرتێكیان داوەتە هاوپەیمانان لەسەر ئەو پێداویستیانەی كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەیەوێت بۆ قۆناغی ئازادكردنەی مووسڵ و دوای نەمانی داعش دەشڵێت، هاوپەیمانان راپۆرتەكەیان وەرگرتووە و بڕیارە وەڵاممان بدرێتەوە".

ئاژانسە جیهانییەكان بڵاویان كردووەتەوە كە، هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا پرۆتۆكۆڵێك واژۆ دەكەن و تا كۆتاییهاتنی شەڕی دژ بە داعش بەردەوام دەبێت.

بە گوێرەی زانیارییەكان، پرۆتۆكۆڵەكەی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا، سوودێكی زۆری بۆ هەرێم دەبێت بەو پێیەی لەمەودوا هاوكارییەكانی واشنتن بۆ پێشمەرگە راستەوخۆ دەبێت و لە ڕێگەی بەغداوە نابێت، لەم بارەیەوە (هەڵگورد حیكمەت) بەرپرسی دەزگای رۆشنبیری و هۆشیاری لە وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەمە ئاماژەیە یان پشتڕاستكردنەوەی ڕۆڵی بەرچاوی هێزی پێشمەرگەیە لە شەڕی دژی داعش لە دوو ساڵی رابردوودا، هەروەها ئاماژەیە بەو ڕۆڵەی كە هەرێمی كوردستان لە ڕێگای هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە توانیویەتی لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا بیبینێت، جگە لەوەیش ئەمە سەنگی هێزی پێشمەرگەی كوردستانە لەلایەك و لەلایەكی دیكەیش گرینگیدانی هاوپەیمانانە بەهێزی پێشمەرگەی كوردستان و نرخاندنی ئەو رۆڵەیە كە پێشمەرگە هەیەتی".

(حیكمەت) گوتیشی: "ئەگەر هاوكارییەكی لەم شێوە نەبێت، هەموو هاوپەیمانان دەزانن كە هێزێكی وەك پێشمەرگە بەرانبەر بە دڕندەترین و مەترسیدارترین رێكخراوی تیرۆریستی وەستاوەتەوە كە پێشكەوتووترین چەكی بەدەستەوەیە و ئاسان نابێت، بۆیە ئێستا بە شێوەیەكی لۆژیكیانە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و دۆستانی هێزی پێشمەرگە هەموو لە بیری ئەوەدان كە هاوكارییەكان بە چ شێوە و میكانزمێك هەیە بەردەوام بن، بۆ ئەوەی داعش لەم ناوچەیە تێك بشكێنرێت، لە چوارچێوەی شەڕەكەیشدا بابەتی ئازادكردنی مووسڵ هەیە كە خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت، زۆر جاریش مووسڵ بە دڵی داعش دەژمێردرێت، ئێمەیش خۆمان وا خوێندنەوەی بۆ دەكەین كە مووسڵ ئەو دەروازەیەیە داعش لێی هاتووە بۆ عێراق و، پێشبینییشیمان وایە هەمان دەروازە دەبێت بۆ دەركردنی لە ناوچەكە بەتایبەتی لە عێراقدا".

ئەوەیشی خستە روو: "ئازادكردنەوەی مووسڵ ئامادەكاری دەوێت، چونكە كاردانەوەی سیاسی و ئیداری و ئەمنی دەبێت، بۆیە ئێستا گفتوگۆ هەیە لە نێوان فەرماندە سەربازییەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق و هاوپەیمانان بۆ ئەوەی دوای ئازادكردنی مووسڵ بەشداریی هێزەكان چۆن چۆنی بێت، ئەمانە هەموو لەپلاندا دانراوە، گرینگ ئەوەیە هێزی پێشمەرگە وەك بەشێك لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ناكرێت لە هیچ یەكێك لەو ئۆپەراسیۆنانەی لە دژی تیرۆرە لەناوچەكەدا پشكدار نەبێت، چونكە ڕۆڵی سەرەكیی هەیە، بەڵكو بەشداریی چالاك دەبێت لە شەڕەكاندا".

بەڕێوەبەری رۆشنبیری و هۆشیاری وەزارەتی پێشمەرگە دەشڵێت: "پێشمەرگە و هەرێمی كوردستان خواست و داواكاریی خۆیان هەیە، لە بەرانبەر هەموو بەشداریكردنێك بە تایبەتی بابەتی مووسڵ كە ئێستا 30%ـی دانیشتووانەكەی كوردن و بەشێكی زۆری خاكی مووسڵ پەیوەندی بە ماددەی 140ـەوە هەیە كە ئەمانە دەبێت هەمووی قسەی لەسەر بكرێت یان قسەی لەسەر كراوە، گرینگ ئەوەیە جۆرە رێككەوتنێك هەیە بۆ ئەوەی پێشمەرگە بەشداری بكات لە ئازادكردنەوەی مووسڵ، بەڵام چۆن پێشڕەوی دەكات و چ میحوەرێكی دەدرێتێ، ئەوە بابەتێكە پەیوەندی بە جەنابی (سەرۆك بارزانی)ـیەوە هەیە، چونكە ئەو فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانە و خۆی فەرمان دەداتە وەزارەتی پێشمەرگە".

گوتیشی: "لە سەرەتای شەڕی داعشەوە چەندین جار بە شێوەی تایبەت راپۆرت ئامادە كراوە، ئەو وەزیرانەی لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی یان نێردراوەكانی هاوپەیپمانان ئەم راپۆرتانە دراوەتە دەستیان و داواكاریی پێشمەرگەیان دراوەتێ و بۆچوونیان لەسەر دەربڕیوە، بەڵام ماوەتەوە سەر ئەوەی كە هەندێكیان گوتوویانە چاوەڕوانی بڕیاری حكوومەتی خۆیان دەكەن، چونكە ئەوانیش دەبێت بە دەنگی پەرلەمانی خۆیان ئەو بڕیارە بدەن".

(هەڵگود حیكمەت) ئاماژەی بەوەیش دا: "لە راپۆرتەكاندا بابەتی چەك و تەقەمەنی و بابەتی مەشق و نەخشەی سەربازیی جووڵاومان داوەتە هاوپەیمانان".











KDP

Top