نەوشیروان مستەفا بەنھێنی لەگەڵ شاندێکی ئێرانی کۆ دەبێتەوە
سەرچاوەیەکی ئاگەدار لە سنووری ناوچەی ھەورامان ئاشکرای کرد، کە نەوشیروان مستەفا، رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان بە یاوەریی جەمالی حاجی محەمەد، ھەڵسوڕاوی گۆڕان لە رێکەوتی ١٠ی ئەم مانگە چووەتە تەوێڵە و ئاوێسەر و لە ئاوێسەر لەگەڵ شاندێکی ئێرانیدا بەنھێنی کۆ بوونەتەوە.
سەرچاوەکە زانیاریی لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە لەبەردەستدا نەبوو.
چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، ھەژموونی ئێران بەسەر زۆنی سەوز و نیلیدا باڵادەستە و پێشتریش ھەندێ ئاماژە ئەوەی دەرخستووە، لەوانە کۆبوونەوەی ٢٣ی حوزەیران کە بزووتنەوەی گۆڕان و پەرلەمانتارنی چەند حزبێک ویستیان گۆڕانکاری لە یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستاندا بکەن لە گەرمەی شەڕی کوردستان لەگەڵ داعشدا، تاکە کونسوڵ، کونسوڵی ئێران بوو لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستاندا ئامادە بوو، کە پارتی پێی وایە گۆڕان و یەکێتی و کۆمەڵی ئیسلامی ئەو کۆبوونەوەیەیان تەنیا لە دژی ئەوان ئەنجام داوە، لەکاتێکدا ئەمەریکا و ھاوپەیمانان بە ئەنجامدانی رازی نەبوون.
ھەروەھا لە رێککەوتنی یەکێتی و گۆڕانیشدا ئێران رۆڵی دیار و بەرچاوی ھەبووە، بەو پێیەی تاکە کونسوڵی وڵاتان کونسوڵی ئێران بووە کە لە رێوڕەسیمی رێککەوتنەکە ئامادەیی ھەبووە، لەکاتێکدا بە گوتەی بەرپرسانی یەکێتی و مەراسیمەکە، کونسوڵی وڵاتانی دیکەش لە ھەرێمی کوردستان بۆ ئەو مەراسیمە بانگھێشت کرابوون.
نیاز حاجی، چاودێری سیاسی لەبارەی ئەو کۆبوونەوانە رایگەیاند، ئێران ھەژموونی دیار و بەرچاوی ھەیە بەسەر زۆنی سەوز و نیلی و بەڵگەش بۆ ئەوە کۆبوونەوەی ٢٣ی حوزەیران و ئامادەبوونی تاکە کونسوڵی ئێران بووە لە مەراسیمی واژۆکردنی رێککەوتنەکەی نێوانیان، گوتیشی: "کۆبوونەوەی نھێنیی بەرپرسێکی ئێرانیییش لەگەڵ رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕاندا، ئەوە دەردەخات کە ھێزی باڵا کە وڵاتێکی وەکو ئێرانە، کارێک بە ھێزێکی بچووکی وەکو گۆڕان دەسپێری کە لە باشووری کوردستان نزیکە لە خۆیەوە"، ھەروەھا گوتی: "بزووتنەوەی گۆڕان ئێستا ھێزێکە خۆی بە پنجی یەکێتییەوە گرتووە و ئێران زۆر کار ھەیە نایەوێ بە یەکێتیی بسپێرێ، چونکە قورساییان نییە و رەنگە لە سومعەی یەکێتی بدات، لەو حاڵەتە بە ھێزێکی وەکو گۆڕان یان لایەنێکی دیکەی نزیک لە خۆی دەسپێرێ".
ئەو چاودێرە راشی گەیاند، ئەو جۆرە کۆبوونەوە نھێنییانە، بەدڵنیاییەوە لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان و کوردستاندا نین، شێوازی ئەنجامدان و کات و شوێنەکەیان گوماناوین و دوورن لەو بانگەشانەی گۆڕان کە پێشتر وەکو بانگەشە بە لایەنەکانیان دەفرۆشتەوە بەوەی کۆبوونەوەکان لەگەڵ لایەنەکانی دەرەوە ناشەفافن.
گوتیشی: "وەکو دیاریشە کۆبوونەوەکە لەسەر سنوور بووە، بایی ئەوەندە رێزی تێدا نەبووە کە شاندەکە ئەرک بکێشێت سەردانی گردی زەرگەتە بکات، پێدەچێ لایەنی بەرامبەر لە ئاستێکی بەرزی دیبلۆماسیش نەبووبێ، لەوانەیە زیاتر کۆبوونەوەکە بۆ ئەرک پێسپاردن و فەرمان بەسەر سەپاندن بووبێت".
باسنیوز
