وەزیری بەگریی كەنەدا لەهەولێرەو دوربینی شەوی بۆ پێشمەرگە هێناوە
سەردانەكەی هارجیت سینگ سجان وەزیری بەرگری كەنەدا بۆ هەولێر دوای سەردانی ناوبراوە بۆ بەغدا ئێوارەی ئەمڕۆ كە لەگەڵ وەزیری بەرگری عیراق كۆبۆوەو شەڕی داعشو هاوكاری سوپای عیراقیان تاوتوێ كرد.
عەمید روكن هەژار عومەر ئیسماعیل، بەڕێوەبەری هەماهەنگیو پەیوەندییەكانی دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم راگەیاند"هارجیت سینگ سجان وەزیری بەرگری كەندا لە هەولێرەو چەندین هاوكاری بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان هێناوە لەوانە دوربینی شەو".
وەزیری بەرگری كەنەدا لەهەولێر لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە بەوەكالەتو بەرپرسانی دیكەی حكومەتی هەرێم كۆدەبیتەوەو وەك بەڕێوەبەری هەماهەنگیو پەیوەندییەكانی دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت: تەوەری سەرەكی كۆبونەوەكانی وەزیری بەرگری كەنەدا قسەكردن دەبێت لەسەر هەماهەنگی نێوان هەرێم و وڵاتەكەی لە شەڕی دژی داعش، هەروەها گفتوگۆ دەكرێت لە بارەی شەڕی گرتنەوەی موسڵ و هەماهەنگی هێزە عیراقیەكان و پێشمەرگە.
كەنەدا ئەندامی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعشەو پێشتریش لە ڕێگەی ڕەوانەكردنی چەكو تەقەمەنیەوە پاڵپشتی سوپای عیراقو هێزی پێشمەرگەی كردوە لەشەڕی دژی داعش.
عەمید روكن هەژار عومەر ئیسماعیل لەبارەی هاوكارییەكانی پێشتری كەنەدا بۆ هێزەكانی پیشمەرگە وتی"ئۆتۆمبێلی سەربازیو شەش رۆبۆتی سەربازی و كۆمپیوتەر و ئامێری ئەلیكترۆنی بۆ پێشمەرگە ناردووە".
هێزەكانی پێشمەرگە ماوەی 2 ساڵە لەشەڕی رێكخراوی داعشدانو لەتەواوی میحوەرەكان شكستیان بەو رێكخراوە هێناوە، سەرباری هاوكاریكردنی پێشمەرگە لەلایەن وڵاتانی ئەندام لەهاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، بەڵام پێشمەرگە چەندینجار رایگەیاندووە كە پێویستی بە هاوكاریی زیاتر هەیە.
