وادەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران درێژکرایەوە
عهبدولستار مهجید، وهزیری كشتوكاڵی ههرێمی کوردستان راگەیاند: "پێشتر بەهۆی کەمی ماوەی وەرگرتنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان جووتیارانی هەرێمی کوردستان مەترسیان هەبوو، بەڵام وادهی وهرگرتنی دانهوێڵهی جووتیاران لهلایهن حكومهتی عیراقییهوه درێژكرایهوه، ئهمهش هاوکارییەکی باشە بۆ جووتیاران و دەتوانن سوود لەو بڕیارە وەربگرن".
عهبدولستار مهجید گوتیشی: "پێشتر بڕیاربوو تا 15ی مانگ جووتیاران گەنمەکانیان رادەست بکەن، بەڵام ئێستا دهتوانن تاوهكو 25 ی ئهم مانگه گەنم رادەست بکەن".
وەزیری کشتوکاڵی ھەرێمی کوردستان هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە "بڕیار بوو 10-7-2017وادەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە سایلۆکان کۆتایی بێت بەڵام جووتیارێکی زۆر پەیوەندیان دەکرد کە ئەگەر ئەو وادەیە تەواو بێت بەشێکی زۆریان زیان دەکەن چونکە تاوەکو ئێستاش ھەندێکیان سەرەی رادەستکردنی گەنمەکانیان نەھاتووە".
گوتیشی "لەگەڵ ئەوەی ئەو پرسە پەیوەندی بە وەزارەتی بازرگانییەوە ھەیە، بەڵام وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و دڵسۆزیم بۆ ماندووبوون و عەرەقەی جووتیارانی کوردستان، بەردەوام لە ھەوڵدا بووم لەگەڵ ھەردوو وەزارەتی بازرگانی و کشتوکاڵی بەغدا تا ئەو وادەیە درێژ بکەنەوە".
