خۆشناو: بەیاننامەی شەش لایەنەکە بۆ موجامەلەی لایەنێکی سیاسییە
سەرۆکی فراکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان (ئومێد خۆشناو) ڕاگەیاند: "پێمان سەیرە چەند فراکسیۆنێک بێن بەیاننامە لەسەر بابەتێک دەربەکەن کە زیانی بۆ خەڵکی ھەرێمی کوردستان ھەیە؛ ئەویش یاسای تیرۆرە؛ خۆی بە ڕای ئێمە ئاسایش و ئارامشی وڵات لە سەرووی ھەموو شتێکەوەیە، لەبەر ئەوەی گەر ئاسایش بەرقەرار نەبێت یاسا ھیچ قیمەتێکی نامینێ، بۆیە ئەوەی ئەوان کردوویانە بۆ مجامەلەی کۆمەڵی ئیسلامی بووە، چونکە ئەوان دژی ئەو یاسایەن.
(ئومێد خۆشناو) گوتیشی، پێویستە ھاووڵاتیانیش بپرسن بۆچی باسی یاسایەک دەکرێت کە بووەتە ھۆی نەھێشتی تیرۆر و چەند باندێکی تیرۆریستی گیراون و چەند ھەوڵێکی تیرۆریستی پوچەڵ کراونەتەوە؛ جا چ خێرێک لەوەدایە کار بەو یاسایە نەکرێت کە بووەتە ھۆی رێگەنەدان بە تیرۆریستان، بۆیە ئەو کارەی ئەوان واتاکەی ئەوەیە ڕێگە بە تیرۆریستان بدرێت و دەستکراوە بن؛ خۆی بەو یاسایە دەستگا ئەمنییەکان دەستکراوەتر دەبن بۆ نەھێشتنی تیرۆر.
گوتیشی ناکرێت بۆ مجامەلەکردنی لایەنێک چەند لایەنێک زۆر نابەرپرسانە بێن لەسەر ئەو یاسایە قسە بکەن.
(خۆشناو) دەیشڵێت سەبارەت بە دەستەڵاتی ئەنجومەنی شوورا بۆ ئەو یاسایە یان پەرلەمانی کوردستان ھیچ دەستگایەک نابێتە بەدیلی پەرلەمان، بەڵام بەو دۆخەی ئێستاوە پەرلەمان ناتوانێ کاری خۆی بکات، بۆیە ناکرێت ژیانی ھاووڵاتیان بخرێتە مەترسیەوە؛ ئێمە لەگەڵ ئەوەداین ئەو یاسایە کاری پێ بکرێت و یاساناساکان مەخرەجێک بدۆزنەوە، بۆ ئەوەی تیرۆریستان نەتوانن زەفەر بە ھەرێمی کوردستان ببەن.
ئەوەشی خستە ڕوو، پێمان سەیرە ئەو یاسایە وەکو فشار بەکار بهێنن لە دژی پارتی، لەبەر ئەوەی ئەو یاسایە بۆ پارێزگاریکردنە لە خەڵکی ھەرێم نەک پارتی، ئەو چەند لایەنە کە ئەو بەیاننامەیەیان دەرکردووە ھیچ ڕاوێژێکیان بە ئێمە نەکردووە، چونکە پێویست بوو پرس بە ئێمە بکرێت؛ بە داخەوە زۆر جار ھەڵەی وایان بەسەر تێپەڕیوە.
