ئێمینکی بۆ شەش لایەنەکە: پرس بە ئەنجوومەنی شوورا کراوە بۆ ئەوەی ڕاوێژ بداتە پەرلەمان
دەقی ڕوونكردنەوەکەی نووسینگەی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بە ڕاوێژكردن بە ئەنجومەنی شوورای هەرێمی كوردستان:
لە ڕێکەوتی 11/7/2016 شەش فراكسیۆنی پەرلەمانی كوردستان (گۆڕان، یەكێتی، یەكگرتوو، كۆمەڵ، بزووتنەوەی ئیسلامی، شیووعی) بەیاننامەیەكی هاوبەشیان بڵاو كردووەتەوە كە گوایە هەوڵێك هەیە لە ڕێگەی ئەنجومەنی شوورا لە هەرێمی كوردستان، ماوەی كاركردن بە یاسای تیرۆری ژمارە (3)ی ساڵی 2006 و ڕاگرتنی كاركردن بە یاسای بەكرێدانی خانووبەرە ژمارە (9)ی ساڵی 2008 درێژ بكرێتەوە.
ئەوەی ڕاستییە، نووسراوێك ئاراستەی ئەنجومەنی شوورا كراوە سەبارەت بە یاسای تیرۆر و یاسای بەكرێدانی خانووبەرە، تا ڕای خۆی بدات لە چوارچێوەی تایبەتمەندی خۆی، كە چ ڕێوشوێنێك بگیردرێتە بەر بۆ ئەوەی بۆشایی یاسایی درۆست نەبێت، نەك بڕیاری درێژكردنەوەی یاسایەكی دەرکردبێت؛ چونكە ئەنجومەنی ڕاوێژكاری دەزگایەكی ئیداری دادوەری ڕاوێژكارییە لە هەرێمی كوردستان و ڕاوێژ دەداتە پەرلەمانی كوردستان.
پێمان وایە كە پێویست بوو پێش دەركرنی ئەم بەیاننامەیە پەیوەندی بە دیوانی پەرلەمانی كوردستان بكرێت بۆ زانینی ڕاستیی بابەتەكە و پەلە نەكرێت لە دەربڕینی ڕایەكی وا كە هەڵەیە لە ڕووی یاساییەوە و لە بەرژەوەندیی كاری پەرلەمانیدا نییە.
نووسینگەی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان
11/7/2016
