تا چه‌ند ڕۆژی دی، ته‌قه‌مه‌نی و پێداویستیی سه‌ربازی و كه‌ره‌سته‌ی دژەكیمیا ده‌گاته هه‌ولێر
ئه‌مڕۆ له باره‌گای وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه له هه‌ولێر، به سه‌رپه‌رشتی ئه‌نوه‌ری حاجی عوسمان بریكاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر ئه‌مینداری گشتیی وه‌زاره‌ت و جێگرانی سهرۆكئهركان و کۆمەڵێ له به‌ڕێوه‌به‌ره گشتییه‌كانی وه‌زاره‌ت و وڵاتانی هاوپهیمانەتییە نێوده‌وڵه‌تییەکەی دژی داعش واتە ئه‌مه‌ریكا، بریتانیا، فه‌ره‌نسا، ئه‌لمانیا، ئیتاڵیا، كه‌نه‌دا، سوید و ئوستۆالیا، كۆبوونه‌وه ناوبەناو (ده‌وری)ەکەی هاوپهیمانەتییە نێودهوڵهتییەکە دژی داعش به‌ڕێوه چوو.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دوا پێشهاته‌كان و ڕه‌وشی سه‌ربازی و پێداویستییه‌كانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه تاوتوێ كرا.
له‌و باره‌یه‌وه بریكاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ده‌ستخۆشیی له هێزی هاوپه‌یمانان كرد بۆ هاوكاریكردنی پێشمه‌رگه؛ داواشی كرد كه له ڕووی پێداویستییه‌كانی وه‌ك ته‌قه‌مه‌نی و چه‌كی نوێوە، پێشمه‌رگه هاوكارییەکی زیاتر بكرێت؛ په‌له بكرێت له گه‌یاندنی چەک بە هه‌رێمی كوردستان؛ ستایشی مه‌شقدادان و ڕاهێنانی هێزی پێشمه‌رگه‌یشی كرد.
پاشان به‌رپرسی ژووری ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی هاوپهیمانەتییە نێودهوڵهتییەکە له هه‌ولێر ڕایگه‌یاند كه تا چه‌ند ڕۆژی دی ته‌قه‌مه‌نی و پێداویستیی سه‌ربازیی نوێ و، كه‌رسته‌ی كیمیاییبەزێن ده‌گاته هه‌ولێر و بڕیاریشه هاوكارییه‌كانی چه‌ند هاوپه‌یمانێکی دیکەیش به زووترین كات بگاتە کوردستان و پرۆسه‌كه‌ش به‌رده‌وام ده‌بێت.
